کوردپرێس:
بەپێی راگەیەنراوێکى نووسینگەى سەرۆکایەتیى کۆمار ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٠/٨/٤ د. بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراق لە شاری سلێمانی پێشوازیی کرد لە بافڵ تاڵەبانی و لاھور شێخ جەنگی ھاوسەرۆکان و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لەبارەی چەند پرسێکی جێی بایەخ و دوا گۆرانکاری و پێشھاتە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە گفتوگۆ کرا.
لە دیدارەکەدا جەخت کرایەوە لە گرنگی چارەسەردکرنی سەرجەم کێشە و قەیرانەکان بە ھەمەھانگی لە نێوان گشت لایەنە سیاسییەکان لە پێناو تێپەراندنی دۆخەکە و کۆتایی ھێنان بە کێشە و قەیرانەکان، لە بەرژەوەندی پرۆسە سیاسی و ھێنانەدی داوا رەواکانی خەڵکی خۆراگری کوردستان لە ژیانێکی ئارام و خۆشگوزەران.
سەبارەت بە بژێوی ژیانی ھاووڵاتیان و مووچەی مووچەخۆران، لەسەرووبەندی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و دەرھاویشتەکانی لە سەر ژیان و ئابووری، جەختکرایەوە لەپێویستی چارەسەردکرنی پرسی دابینکردنی بژێوی ژیانی ھاووڵاتیان و مووچەی مووچەخۆران، بەتایبەتی چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، کۆتایی ھێنان بەو پرسە زوو بە زوو لە سەر بنەمای دەستور و یاسا و پاراستنی بەرژەوەندی ھاووڵاتیان و مووچەخۆرانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بێ جیاوازی.
تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە تەرخانکرابوو بۆ باسکردن لە گرفتە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان کە بەم دواییە سەری ھەڵداوە و دووپاتکرایەوە لە گرنگی ئەنجامدانی گفتوگۆی جددی و گەیشتن بە رێگاچارەی گونجاو بۆ دەربازبوون لەو دۆخەی ئێستا و ئەنجامدانی چاکسازییە پێویستەکان لە گشت بوارەکاندا بەئاڕاستەی خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان.
لەماوەى دوو هەفتەى رابردوودا بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار چاوى بە زۆربەى سەرۆک و بەرپرسانى لایەنە سیاسیەکانى هەرێمى کوردستان کردوەو تیایدا جەختى لەسەر چارەسەرکردنى کێشەکانى ناوخۆی هەرێم و یەکڕیزى لایەنەکان کردوەتەوە، هاوکات جەختیشى لەسەر پێویستى هەرچى زوو چارەسەرکردنى کێشەکانى هەرێم و بەغدا کردوەتەوە.
*لە شارپرێس وەرگیراوە
Your Comment