پێگەی کورد لە یاریی دەسەڵاتی ڕووسیا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست

بەشی جیهان- ئانا بۆرشۆسکایا دەڵێت ڕووسیا پێوەندیی ڕێشەییی لەگەڵ کوردەکان هەیە و هەر بەو بۆنەیەشەوە نابێت ئەمریکا دەستوەردانی ڕووسیا لە کاروباری سیاسی و مەسەلەی وزە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئیهمال بکات.

کوردپرێس:

پەیمانگای واشەنتن بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە شرۆڤەیێکدا تیشکی خستۆتە سەر گرینگیی پێگەی کوردەکان لە سیاسەتەکانی ڕووسیا سەبارەت بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دەڵێت پێوەندیی ڕووسیا لەگەڵ کوردەکانی ناوچەکە قووڵترە لە پێوەندیی کورد لەگەڵ وڵاتێکی وەک ئەمریکا.

ئانا بۆرشۆسکایا چاودێر و کارناسی باڵای پەیمانگای واشەنتنە و لە بابەتێکدا ئاماژەی بە پشتگیری کردنی ئەمریکا لە دیالۆگی نێوان کوردەکانی سووریا دەکات و دەڵێت ڕووسیا دەتوانێت پێوەندیی نێوان کوردانی سووریا و دەوڵەتی ناوەندی بەهێزتر بکات. ناوبراو لە شرۆڤەکەیدا نووسیویەتی ڕووسیا ئەگەرچی لە ڕێگای دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە ڕێگریی کرد لە بەردەوام بوونی یارمەتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ باکوور و باکووری خۆرهەڵاتی سووریا بەڵام لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەستی کردووە بە هەوڵدان بۆ دەستپێکردنی دوبارەی دانووستانی نێوان لایەنە کوردییەکانی ئەو ناوچەیە لەگەڵ دەوڵەتی دیمەشق. لە هەمان کاتدا ئەگەرچی ڕووسیا گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا هەڵکرد کە لە کوردەکانی سووریا و بەشێک لە خاکی هەرێمی کوردستان بدات بەڵام پێوەندیی کوردەکان لەگەڵ ڕووسیا ئێستاش لە ئاستێکی باڵادایە.

ئەو چاودێرە سیاسییەی پەیمانگای واشەنتن دەشڵێت: بەرپرسانی ڕووسیا بەردەوام لە مۆسکۆ پێداگرن لە سەر پێگەی گرینگی کوردەکان لە ناوچەکە. دیارە جگە لە قازانجی ژێربەژێری ئەم هەڵوێستانە، مۆسکۆ بەردەوام دەبێت لە پێوەندیی چەند ڕەهەندیی خۆی لەگەڵ لایەنە کوردییەکان. ڕووسیا بەم شێوەیە هەم نفووزی خۆی لە ناوچەکە زیاتر دەکات و هەم کوردەکانیش لە ئەمریکا دوور دەخاتەوە.

نووسەری شرۆڤەکە ئیدعای ئەوەشی کردووە کە هیچ وڵاتێک بە قەدەر ڕووسیا پشتگیریی کوردی نەکردووە. پێوەندیی ڕووسیا و کوردەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی کاترینی گەورە کە لەو کاتەدا ڕووسیا لە بەرانبەر عوسمانییەکاندا بەرگریی لە کورد کرد. بەرپرسانی باڵای ڕووسیا کوردیان بە ئامێرێکی گونجاو دژی ڕکابەرەکانی خۆیان بەکار هێنا و کوردەکانیش بەتایبەتی لە 1900دا ئیمپراتووریی ڕووسیایان بە گەورەترین پاڵپشتی خۆیان زانی.

ئانا بۆرشۆسکایا دەشنووسێت: مۆسکۆ پاش ڕاپەڕینی "بلشویک" بەردەوام پشتگیریی شۆناسی ئازادیخوازیی لە وڵاتانی ناوچەکە وەک عێراق و تورکیا کردووە و لەگەڵ کوردەکانی ئەو ناوچانە هاوکار بووە کە نموونەکەشی دامەزراندنی کوردستانی سوور لە ئازەربایجانی سۆڤییەت بوو کە 1923 دامەزرا. ئاماژە بەوەش کراوە کە مۆسکۆ ماوەی دە ساڵ پەنای بە مەلا مستەفا بارزانی سەرۆکی کۆچکردووی پارتی دیموکراتی کوردستان دا و لە پەنجاکان و شەستەکاندا پشتگیریی ئیدارەی خۆسەری کوردەکانی کرد لە عێراق و گوشارەکانی مۆسکۆ لە ساڵی 1970 ڕێککەوتنی خۆبەڕێوەبەریی لێکەوتەوە.

شرۆڤەکارە ڕووسەکە دەشڵێت ڕووسیا پێش و پاش ڕووخانی سۆڤیەت گەورەترین پاڵپشتی کوردە ناڕازییەکانی تورکیا بوو کە بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ناسراون و ئەوەش وەک کارتێکی گوشار دژی تورکیا بەراورد دەکرێت.

ناوبراو لە ڕۆژنامەی مۆسکۆ تایمزەوە دەیگێڕێتەوە کە تا 1999 نریکەی 200 هەزار کورد لە مۆسکۆ و دەوروبەری دەژیان و نزیکەی 100 هەزار کوردیش لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی سۆڤیەت نیشتەجێ بوون.

شرۆڤەکارەکەی کاروباری ڕووسیا لە پەیمانگای واشەنتن ئاماژە بەوەش دەکات کە ولادیمیێر پووتن سەرۆککۆماری ئێستای ڕووسیا و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە بەردەوام جەختیان کردۆتە سەر پێوەندییی مێژویی لەگەڵ کورد و بوێریی کوردەکان و شوێندانەرییان لە شەڕی دژبە تیرۆر. هەروەهاش ژمارەیێک لە کوردەکان پۆستی فەرمییان لە کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە مۆسکۆوە وەرگرتووە. بۆ نموونە زەلیم خان مۆتسۆف، کوردێکی ئێزدییە و نوێنەر ئەنجومەنی نوێنەرانی ڕووسیا بەشداریی شاندی ڕووسییان کردووە لە بەغدا و کوردستانی عێراق ئەوەش پێش دەستپێکردنی ئوپەراسیۆنە سەربازییەکان لە سووریا.

شرۆڤەکارەکەی کاروباری ڕووسیا لە پەیمانگای واشەنتن ئاماژە بەوەش دەکات کە گرینگترین ئامانجی پشتگیرییەکانی ڕووسیا لە کورد کوردەکان ئەوە بووە کە لە واشەنتن دووریان بخاتەوە. بۆ نموونە سێرگیی لاورۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ساڵی ڕابردوو وتبووی ئەمریکایییەکان ڕێگری لە دانووستانی نێوان کوردەکان و دەوڵەتی ناوەندیی سووریا دەکەن. ناوبراو هۆشداریی بە کوردەکانی سووریاش داوە دڵخۆش بە پشتگیریی ئەمریکا نەبن چوونکە ئەمریکا پێچەوانەی ڕووسیا بە نایاسایی لە سووریا ماوەتەوە. پووتین لە مانگی نۆڤەمبێری هەمان ساڵدا وتبووی: ئەوەی لە سنوورەکانی سووریا و تورکیا ڕووی داوە بە قازانجی کورد بووە و خەڵک دەرک بەوە دەکەن کە سوپای ڕووسیا بۆ پشتگیری کردنی ئەوان هاتووە.

لە ڕوانگەی نووسەری وتارەکەوە مۆسکۆ وەک دارەدەست دژی واشەنتن کوردی بەکار هێناوە و لەگەڵ ئەوەش لەبارەی مافی چارەنووسی کوردیشەوە قسەی ناڕوون دەکات. پووتین لە ئەکتۆبەری 2016 لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی مەسەلەی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان وتبووی: ئێمە لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا دەستوەردان ناکەین. بەڵام مۆسکۆ هەر کاتێک بە قازانجی بێت هیچ سڵ لە دەستوەردان ناکات.

News Code 189570

Your Comment

You are replying to: .
captcha