بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی بە راگەیەنراو مەرجی گەشت کردنی گەشتیارانیان بڵاو کردەوە و دەڵێن “دەبێت پشکنینی جۆری (PCR) بکرێت.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بەم شێوەیەی خوارەوە دەستی بە گەشتەکان کردۆتەوە:
– گەشتیاران دەبێت پێش 48 کاتژمێر لە گەشتەکەیان پشکنینی PCR ئەنجام بدەن و نەخۆشخانەی شەهید تاهیر عەلی والی بەگ لە سلێمانی بۆ ئەو مەبەستە دیاری کراوە.
– هەر کەسێک لە دەرەوەی عێراقەوە بێتە فڕۆکەخانەکان لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە پشکنینی “PCR”ی بۆ دەکرێت.
هاوکات فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر راگەیەنراوێکی لەبارەی چوون و هاتنی گەشتیارەوە بڵاوکردەوە بەمجۆرەی خوارەوە:
– پێویستە گەشتیارانی چوون و ھاتن دەمامک و دەستکێش بەکاربھێنن لە تێرمیناڵی فڕۆکەخانە.
– بەپێی ئەو شوێنەی کە گەشتی بۆ ئەنجام دەدەن، گەشتیاران پێویستییان بە پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جۆری (PCR)ـە.
– پێویستە گەشتیاران، بەر لە ھاتنیان بۆ فڕۆکەخانە، پەیوەندی بەو ھێڵە ئاسمانییەوە بکەن کە گەشتەکەیان لە رێگەیەوە ئەنجام دەدەن، بۆ دڵنیا بوون لە جێبەجێ کردنی رێنماییە تەندروستییەکانی ئەو شوێنەی کە بۆی دەچن.
– پشکنینەکان، بەپێی بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی تەندروستی هەولێر، لە بنکەی تەندروستی زانکۆ، رێگای کەرکووک، تەنیشت کۆلێژی زانست، ئەنجام دەدرێن.
-ئەو گەشتیارانەی کە دێنە ھەرێمی کوردستان، پێویستە یان پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جۆری (PCR) لە ماوەی 48 کاتژمێر بەر لە ھاتنیان ئەنجام بدەن، یاخود لەکاتی گەیشتنیان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پشکنینەکەیان بۆ ئەنجام دەدرێت و تێچووەکەی دەکەوێتە سەرشانی گەشتیار.
– پێویستە سەرجەم گەشتیارە ھاتووەکان بەڵێننامەیێک پڕ بکەنەوە کە بۆ ماوەی 14 رۆژ خۆیان کەرەنتین بکەن، لە دوای گەیشتنیان بۆ ھەرێمی کوردستان.
– ھەریەک لە شاندی فەرمی، خاوەنکار و ئەو گەشتیارانەی بۆ ماوەیێکی کورت دێنە کوردستان، ئەم خاڵەی سەرەوە (خۆ کەرەنتین کردن بۆ ماوەی 14 رۆژ) نایانگرێتەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment