کوردپرێس:
ئەحمەد داود ئوغڵو سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا لە پارتی دادوگەشەپێدان کە ئێستا سەرکایەتیی پارتی ئایندە دەکات ڕۆژی یەکشەمەی ڕابردوو 5ی گەلاوێژی 1399 لە کۆبوونەوەیێکی باڵی حیزبەکەی خۆی لە شاری باتمانی کوردستانی تورکیا باسی زمانی کوردیی کرد.
داود ئوغڵو لە وتارەکەیدا وتی: "کاتێک باسی زمانی کوردی وەکوو یەک لە زمانە سەرەکییەکانی تورکیا دەکرێت بۆچی حکوومەت پێی قەڵس دەبێت؟ بە بڕوای من خوێندن بە زمانی کوردی لە تورکیا پێویستە جێبەجێ بکرێت. بەم شێوەیە ئاشتی و سەقامگیریی کۆمەڵایەتیی جێگیر دەبێت."
حیکمەت سەربڵند ئەمینداری حیزبی ئیسلامیی کوردستانی تورکیا (PÎK) لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس باسی ئەو وتانەی داوود ئوغڵو دەکات و دەڵێت: "لەو کاتەوە دەوڵەتی مۆدێڕن لە تورکیا پێکهێنراوە هەر سیاسەتوانێک لووتکەی دەسەڵاتی گرتۆتە دەست حاشای لە مافی کورد کردووە و تەنانەت هەندێک جار توندوتیژیش بەرانبەر بەو مەسەلەیە کراوە. ئاکپارتییش هەمان عەقڵیەت و سیاسەت پەیڕەو دەکات. لە سەرەتاوە ئاکەپە چەند وادە و بەڵێنێکی لەبارەی کورد و زمانی کوردییەوە دا بەڵام دواتر بە ئاشکرا دژایەتیی مەسەلەی کوردی کرد و نەک هەر لە تورکیا بەڵکوو لە سووریا و عێراقیش ئەو دژایەتییە و دەدستدرێژی بۆ سەر کورد بەردەوامە.
ناوبراو گوتیشی ئەمە بەرنامەیێکی داڕێژراوە و هیچ ئومێدێک ناکرێت کە سیاسەتوانێکی تورکیا پێچەوانەی ئەمە ڕەفتار بکات چوونکە بەڵێنەکانیان درۆیە و تەنها بۆ نمایشی سیاسییە.
ئەمینداری حیزبی ئیسلامیی کوردستانی تورکیا (PÎK) زیادیشی کرد: ئەحمەد داود ئوغڵوش بە هەمان شێوەی کەسانی پێشووتر کاتێک بکەوێتە ژێر گوشارەوە بە وەعد و بەڵێن ڕوو دەکاتە کورد و کاتێک دەستی بە دەسەڵات بگاتەوە دیسان سیاسەتی سڕینەوە و نکۆڵی کردن لە کورد دەگرێتەوە بەر. داود ئوغڵو 16 ساڵ خزمەتی بە ئاکپارتی کردووە و 5 ساڵ وەزیری دەرەوە و 2 ساڵیش سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو. لەو ساڵانەدا چی ڕووی دا؟
حیکمەت سەربڵند ئاماژەی بە سیاسەتەکانی سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا بەرانبەر بە کورد کرد و گوتیشی: داوود ئوغڵو لە کاتی پێکدادانەکەی ناسراو بە "خەندەق" سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو و لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا شەڕێک بە سەر کورددا سەپێندرا و شارە کوردییەکان وێران کران و بە سەدان گەنجی کورد بوونە قوربانی. یەک لە بکەرە سەرەکییەکان و بەرپرسیارە سەرەکییەکانی ئەو وەزعە داوود ئوغڵو بوو. ئەویش بە هەمان شێوەی ئەردۆغان مەبەستیەتی کورد فریو بدات.
ناوبراو جەختیشی کردەوە: سیاسەتوانانی تورکیا چەندین جار ئەو سیاسەتەیان بەکار هێناوە و هەر کاتێک کە دەستیان بە دەسەڵات دەگاتەوە وەعدەکانیان بیر دەچێتەوە. هەر بۆیەش متمانە بەو سیاسەتوانانە ناکرێت. کاتێک گوێم لە قسەکانی داود ئوغڵو بوو کە لە باتمان دەیکرد بەو قسانەی پێکەنیم. ئەمانە بەم هەڵوێست و قسانە گاڵتە بە کورد دەکەن. ئاشکرایە کە مەبەستیان چیە و ئەرکە لە سەر هاووڵاتییانی کورد کە وریا بن و نەهێڵن مێژوو دووپات ببێتەوە و نەهێڵن جارێکی تر ببنەوە بە مەلعەبەی دەستی سیاسەتوانان.
ئەمینداری حیزبی ئیسلامیی کوردستانی تورکیا (PÎK) ئاشکراشی کرد: "واجبە کورد لە تورکیا ئاگادار بێت و خۆی نەکات بە دارەدەست بۆ حیزب و سیاسەتوانە درۆزنەکان. هاووڵاتییانی کورد چەندین ساڵە زمانی کوردییان پاراستووە و ئەرکە لە سەر خەڵکی کورد بە دروستی پارێزگاری لەم شۆناسەی خۆیان بکەن. حاکمەکانی تورکیا ئیدعای موسڵمانی دەکەن بەڵام تەنانەت ئەو مافە سروشتییە و ئیلاهییانەی خودا بە هەموو مرۆڤێکی داوە لە کوردی دەگرنەوە و نکۆڵی لە مافەکانیان دەکەن. خودا لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرمێت خیلقەتی ئاسمان و زەمین و ڕەنگی پێست و زمانی ئێوەی مرۆڤ لە دەستی مندایە. هەر بۆیەش کەس ناتوانێت ئەم مافە ئیلاهییە لە مرۆڤ زەوت بکات. ئێمە ناڵێین فەزڵمان بە سەر کەسانی دیکەدا هەیە. بەڵام لەگەڵ ئەوەش وەک باقی هاووڵاتییان مافی خۆمان هەیە و هیچمان لەوان کەم نیە."
حیکمەت سەربڵند هەر لەو بارەیەوە زیادی کرد: ئەحمەد داود ئوغڵو بە هەمان شێوەی سیاسەتەوانەکانی دیکەی تورکیا دەستی تێکەڵە و دەستی لە خوێنی خەڵکی کوردی تورکیا سوورە. دواود ئوغڵو لە تاوانەکانی جزیرە و نوسەبین و جۆلەمێرگ و دیکەی ناوچەکاندا شەریکە تاوانە و هەموو ئەو ڕووداوە تاڵانە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا ڕوویان داوە. هەر بۆیەش هیچ متمانە بە وەعد و بەڵێنەکانی ناکرێت و پێویستە هاووڵاتییانی کورد فریوی ئەم قسانە نەخۆن. هەر کەس دێتە کوردستان دەڵێت: "شاڕێیانی سیاسەت لە دیاربەکرەوە تێدەپەڕێت، کورد برای ئێمەیە و دەبێت دان بە مافی کورددا بنێین..." ئەوەش لە کاتێکدا هەموو ئەمانە تەنها پاساون بۆ ئەوەی بە کارتی کورد دەستیان بە دەسەڵات بگات.
ناوبراو لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستە دەستووری تورکیا گۆڕانکاریی تێدا بکرێت و گوتیشی: تا ئەو کاتەی دەستووری تورکیا نەگۆڕدرێت و هەمو هاووڵاتییان لە دەستووردا مافی یەکسانیان نەبێت و هەموو ئەتنیک و زمانەکان دانیان پێدا نەنرێت و مافی هاووڵاتی بوونی یەکسان بە هاووڵاتییان نەدرێت بنەما و بناغەی حوکمڕانی لە تورکیا هیچ نەگۆڕدراوە. ئەرکە لە سەر کورد نە فریوی داود ئوغڵو بخوات و نە بە قسەی ئەردۆغانیش هەخڵەتێ. بەڵکوو پێویستە کورد لە نێوخۆیدا یەک بێت و بە بێ توندوتیژی داکۆکی لە سەر مافە ڕەواکانی بکات.
Your Comment