کوردپرێس:
بەپێی راگەیەنراوێك، كە رۆژی دوو شەممە بڵاو كراوەتەوە، مەسروور بارزانی سەرۆكی حکوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و شاندێكی یاوەری كۆ بووەتەوە و لە دیدارەكەدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و پشتگیری­كردنی حکوومەتی هەرێمی كوردستان كرا.
هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، هاوسەرۆكی یەكێتی جەختی لەوە كردەوە، كە یەكێتی وەك بەشدارێكی سەرەكی پاڵپشتی حکوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات.
بافڵ تاڵەبانی راشیگەیاندووە، كێشەی لایەنە سیاسییەكان نابێت لەدامودەزگا حكومییەكاندا ڕەنگ بداتەوە و پێویستە ھەموو لایەك بە پشووفراوانییەوە ھاوكار بین بۆ ئەوەی بە دانوستان ھەموو كێشەكان چارەسەر بكەین، چونكە ھەموو دەسكەوتەكانمان ئەنجامی یەكڕیزی و تەباییمان بووە، بۆیە ھەموو ھەوڵێك دەدەین ھاوكار بین بۆ ئەوەی ئەو دۆخە سەختە و قەیرانەكان تێپەرێنین.
لای خۆیشییەوە، سەرۆكی حکوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا، خەڵكی ھەرێمی كوردستان، وێڕای تەحەمولكردنی سەختییەكان، نیگەرانن لە گرژییە ناوخۆییەكان و چاوەڕوانن لایەنەكان دۆخێكی لەباری سیاسی برەخسێنن.
مەسروور بارزانی وتیشی: حکوومەتی ھەرێم حکوومەتی ھەموو هەرێمی كوردستانە و پێویستە گشت لایەنە بەشداربووەكانی حکوومەت پشتگیریی لە كارنامەی حکوومەت بكەن، چونكە بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەم، بەرنامەی ھاوبەشی لایەنە بەشداربووەكانی ناو حکوومەتە.
سەرۆكی حکوومەت جەختیشی لەوە كردەوە كە حکوومەتی ھەرێم ھەموو تواناكانی خستووەتە گەڕ ، بۆ ئەوەی ئەو رەوشە ئابووری و تەندروستییە نەخواراوە تێپەڕێنێت و دۆخی ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتییان باشتر بكات ، بۆ ئەم مەبەستەش چاوەڕوانی پالپشتیی ھەموو لایەنەكانە.
Your Comment