کوردپرێس:
رۆژی هەینی 2020/07/17 وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "عەمید روکن عەلی حەمید، فەرماندەی لیوای 59ی پیادەی شەش لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەیدا شەهید بوو کە لەلایەن چەکدارانی تیرۆریستەوە تەقەی لێکرا".
ئەو فەرماندەیە لەگەڵ کاروانی هێزەکانیدا بووە و لە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکەیدا تەقەی لێکراوە و بەو هۆیەوە شەڕ لەنێوان هێزەکانی سوپاکە و چەکدارەکاندا روویداوە.
دوابەدوای رووداوەکە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی بە لایەنە هەواڵگری و ئەمنییەکان دا کە بچنە شارۆچکەی تاڕمیەی باکووری بەغدا بۆ ئەوەی خێرا ئەو چەکدارانە دەستگیر بکەن کە هێرشەکەیان کردووە.
لەم ماوەیەی دواییدا هێرشەکانی سەر بە چەکدارانی داعش زیادبوون، بەتایبەتی لە ناوچەکانی کەرکووک، سەلاحەدین، دیالە، ئەنبار و ناوچەکانی دەوروبەری بەغدا. ئەوەش دوای ئەوە دێت کە حکومەتی عێراق ساڵی 2017 رایگەیاند بەسەر داعشدا سەرکەوتووە و تەواوی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو رێکخراوەی کۆنترۆڵ کردووەتەوە کە نزیکەی سێ یەکی رووبەری خاکی عێراق بوو و ساڵی 2014 داگیری کردبوو.
Your Comment