پارێزگاری پێشووی کەرکووک داوای بەهەرێم کردنی ئەو پارێزگایە دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پەیمانگای کوردی لە واشنتۆن، سمینارێکی تەلەفزیۆنیی دەربارەی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و سەربازی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ کۆمەڵی ئەکادمیست و سیاسەتوانی ئەمریکی رێکخست ‌و تێدا پارێزگاری پێشووی کەرکووک داوای بەهەرێم کردنی پارێزگاکەی کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەو سمینارەدا، کە بۆ هەر یەک لە نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکووک و پرۆفیسۆر مایکڵ جونتر، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی تێنیسی تەکنەلۆژی و پرۆفیسۆڕ بریندان ئۆلیری باڵوێزی پێشووی ئەمریکا لە کرواتیا و یاریدەدری ئێستای سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئەفغانستان رێکخرابوو، تێیدا نەجمەدین کەریم، ئاڵنگاری بۆ ڕەوشی ئێستای سیاسی و ئابووری و ئەمنی و سەربازی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.

لە میانەی وتەکانیدا، نەجمەدین ئیدانەی تیرۆرکردنی ئەکادیمیستی عێراقی هیشام هاشمی کرد و ناوبراوی بە کۆڵەگەیەی ئەکادیمی و رۆشنبیری دیاری مەیدانی عێراقی و پالپشتیکارێکی سەرەکی مافی خۆپیشاندەران ناوبرد.

هاوکات رەخنەی لەو دۆخەکە گرت، کە عێراقی پێیدا تێپەڕ دەبێت و بە پێویستی زانی پاڵپشتی لە کابینەی ئێستای حکوومەتی عێراقی بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی بکرێت، تا ناوبراو بتوانێت لە کارەکانیدا سەرکەوتوو بێت.

سەبارەت بە ئایندەی شاری کەرکووک، نەجمەدین کەریم، سەرۆکی پەیمانگای کوردی لە واشنتۆن، بە هەرێم کردنی کەرکووک بۆ ماوەیێکی درێژخایەن بە تاکە چارەسەری گونجاو ناوبرد و ئاماژەی بەوەدا: پێدانی دۆخێکی تایبەت بە کەرکووک وەک هەرێمێکی سەربەخۆ چارەسەرێکی گونجاوە، بەڵام ئەم پڕۆژەیە کە لەلایەن منەوە خرایەڕوو، بەداخەوە بەهۆی بەرژەوەندی سیاسی لەلایەن پارتە سیاسییە کوردستانیەکان رەت کرایەوە.

هەروەها رایگەیاند، ئەنجام دانی ریفراندۆم لە کەرکووک داواکارییێکی سەرەکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو.

سەبارەت بە گەڕانەوەی پێشمەرگەش بۆ کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان و ناڕەزایی پێکهاتەکانی تر، ناوبراو، وتی: ئەو لایەنانەی دژی گەڕانەوەی پێشمەگەن بۆ کەرکووک، پێشتر پەیوەندی گوماناوییان لەگەڵ داعش هەبووە و پێشتریش پەیوەندییان لەگەڵ گرووپی تیرۆریستی نەقشبەندی هەبووە.. هەرچەندە تائێستا کاتێکی دیاریکراو بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بوونی نییە.

دەربارەی بارودۆخی هەرێمی کوردستانیش، نەجمەدین کەریم، لە سمینارەکەدا، ئاماژەی بە خراپی رەوشی ئابووری هاووڵاتیان کرد و داوای کرد: حکوومەتی هەرێم هەوڵەکانی بۆ یەکڕیزی سیاسی و گوتاری سیاسی لەگەڵ لایەنەکان چڕبکاتەوە و تا بە هەموو لایێک بتوانرێت متمانە لە نێوان دەسەڵات و هاوڵاتیان دروست بکرێت بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە و هەروەها یەک هەڵوێستی دروست بێت، بە هاوشێوەی هەوڵەکانی مەزڵوم عەبدی، کە توانی شەقامی سیاسی کوردی لە سووریا یەکبخات و ئەمەش بووە هۆی پاڵپشتی کردنی لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێم و مەسعوود بارزانییەوە.

لە کۆتایشدا، دکتۆر نەجمەدین کەریم، رەخنەی لە بەشێک لە پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی عێراق گرت، کە خراپی دۆخی ئابووری کوردستانیان بۆ مەرامی سیاسی لە بەغدا قۆستۆتەوە و هەوڵ بۆ دابڕاندنی پارێزگای سلێمانی لە نەخشەی هەرێمی کوردستان و بەستنەوەی بە حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا دەکەن.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189320

Your Comment

You are replying to: .
captcha