ڕەت کردنەوە و قەدەغە، دوو سیاسەتی تورکیایە هەمبەر زمانی کوردی/ تەنها بیست لەسەدی هاووڵاتیانی دیاربەکر بە کوردی قسە دەکەن

بەشی تورکیا- سیاسەتوان و وتەبێژی بزووتنەوەی زمانی کوردی لە تورکیا ڕایگەیاند: ئاسیمیلاسیۆن و لەناوبردنی زمانی کوردەکان لە تورکیا بەخێرایی دەچێتە پێشەوە و ئێمە وەکوو بزووتنەوەی زمانی کوردی لە تورکیا دوور لە هەرچەشنە توندئاژۆیێک، میللەتی کورد و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئاگادار دەکەینەوە کە هەوڵێک بۆ ئەم بابەتە بدەن.

کوردپرێس- بارێژ جەلالی سیاسەتوان و وتەبێژی بزووتنەوەی زمانی کوردی لە تورکیا، چالاکوانێکی سیاسی کوردی تورکیایە کە بە بنەڕەت بۆ عەشیرەتی جەلالی دەگەڕێتەوە. ئەم عەشیرەیە یەکێک لە قەبیلەکانی ماکۆ بوو کە کۆچیان بۆ تورکیا کردووە. پاش ڕووداوەکانی ئاگری ئەم عەشیرەتە دابەش بوو و ئیلی خەڵکان کە بەشێکن لە عەشیرەتی جەلالی کۆچیان بۆ کوردستانی تورکیا و شاری ئیدر و دەشتی رەوان کرد و لەو ناوچەیەدا جێگیر بوون. بارێژ جەلالی لە ئێستادا وەکوو چالاکێکی سیاسیی کورد دەیهەوێت زمانی کوردی لە تورکیا ڕەسمی بکرێتەوە. ئاژانسی کوردپرێس لەبارەی دۆخی زمانی کوردی لە تورکیا گفتوگۆیێکی لەگەڵ ئەم چالاکوانە سیاسییەدا ئەنجام داوە کە لە درێژەدا دەیخوێننەوە:

کوردپرێس: لە ئێستادا دۆخی زمانی کوردی لە تورکیا چۆن دەبینن، لەمبارەوە زیاتر باسی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی تورکیامان بۆ بکەن.

بارێژ جەلالی: من هەر لە منداڵیەوە لەنێو ماڵماندا بە زمانی کوردی قسەم کردووە و ئەمەش لەم دۆخەی تورکیادا چانسێکی زێڕین بوو. بنەماڵەکەی من بنەماڵەیێکی نەتەوەخوازن و بۆیەش هیچکات دەستیان لە زمان و شۆناسی خۆیان هەڵنەگرتووە. دۆخی سیاسی و فەرهەنگی کوردستانی تورکیا زۆر جیاوازە لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی کوردستان. گوشارێکی زۆر هەیە لەسەر قسەکردن و ڕاهێنانی زمانی کوردی لە تورکیا. و ئێستاش درێژەی هەیە. هیچ کات حکوومەتی تورکیا دەرفەتێکی بۆ زمانی کوردی نەڕەخساندووە. نەک هەر قەدەغە بەڵکوو ڕەت کردنەوەی زمانی کوردیش بەشێک بووە لە دژایەتی کردنی ئەم زمانە تا ئەمڕۆ. بۆ نموونە ناو و نازناوی کوردی، ناوی شار و گوندە کوردنشینەکان، ناوی چیا و دەشتەکان و هەر شتێکی دیکە کە بە زمانی کوردی بووە لەلایەن حکوومەتەوە گۆڕدراوە. لە ڕۆژێکەوە کە تورکیا دامەزراوە بەردەوام زمانی کوردی قەدەغە بووە و سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن بۆ تاواندنەوەی کوردەکان جێبەجێ کراوە.

ناوبراو درێژەی دا: لە سەردەمی "عیسمەت ئیونن" دووهەمین سەرۆک کۆماری تورکیاوە سیاسەتێکی دوژمنکارانە هەمبەر شۆناسی کوردی بەکار گیردراوە و لەنێو شارە کوردنشین و تورک نشینەکاندا بنکەی سەربازی و فەرهەنگی و سیاسی لە تورکمانە کۆچبەرەکان دروست کرا تا ڕێگری بکەن لە گەشەسەندنی زمانی کوردی. هێدی هێدی ئەم چەشنە بنکانە بەربڵاو کرانەوە و گەیشتنە ناو هەموو شارەکان تا سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن و تواندنەوەی فەرهەنگی تەواو بکرێت. شارەکانی ئەردخان، قرس، ئازرگان، سێواس، مەلتی، سەمسور، مەرەش کلیسی دیلو یا ئەنتاب وەکوو سەنگەراکانی ئەم تواندنەوە و وەکوو پیلۆت دەست نیشان کران کە بەداخەوە لەم دواییانەدا ئەنجامەکانی ئەم سیاسەتە زیاتر دەرکەوت و ئەم شارانە لەبواری فەرهەنگی و زمانییەوە کەوتنە ژێر کاریگەریی زمان و شۆناسی تورکیەوە.

بارێژ جەلالی هەروەها زیادی کرد: سەد ساڵە لە هەر ڕێگایێکەوە هەم زمانی کوردییان قەدەغە کردووە و هەم سیاسەتی ڕەت کردنەوەیان گرتۆتە پێش. پاش ئەوەی کە تەلەفیزیۆن و میدیاکانیش گەشەیان سەند گوشارەکە زیاتر بوویەوە. بەداخەوە لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا لە زۆرینە گوندە کوردنشینەکاندا منداڵەکان بە زمانی کوردی قسە ناکەن و لە هەموو ئەمان دڵتەزێنتر ئەوەیە کە ئەمڕۆکە ڕەنگە تەنها بیست لەسەدی دانیشتوانی شاری دیاربەکر کە وەکوو ناوەندی کوردستانی تورکیا دێتە ئەژمار بە زمانی کوردی قسە دەکەن.

وتەبێژی بزووتنەوەی زمانی کوردی لە تورکیا دەڵێت: مەترسیێکی گەورە ڕووبەڕووی کوردستانی تورکیا بووەتەوە لەبواری زمانی و فەرهەنگییەوە. ئامانجی دامەزراندنی ناوەندی بزووتنەوەی زمانی کوردی لە تورکیا وەستان هەمبەر ئەم مەترسییە، ئەوەش بەشێوەیێکی مەشرووع و یاسایی. ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە هەمبەر سیاسەتی ڕەت کردنەوە و قەدەغە بە ئامێری یاسایی بۆ پاراستنی زمانی کوردی هەوڵ بدەین. زمان مافێکی یاساییە و هەموو دونیا پاراستنی بە مافێکی ڕەوا دەزانن. ئەمڕۆکە ئاماری قسە کردن بە زمانی کوردی بە زاراوەکانی کرمانجی و زازایی لە کوردستانی تورکیا گەیشتووەتە 35لەسەد و ئەمەش زۆر مەترسیدارە.

جەلالی زیاتر دەڵێت: لە شارە گەورەکاندا وەکوو ئەستەمبۆڵ، ئەنقەرە و ئێزمیر نزیک لە 7 تا 8 ملیۆن کورد دەژین کە زۆرینەیان بە تورکی قسە دەکەن. هەروەها ئەو شارانەی کە بنکەی سەربازی و فەرهەنگییان تێدا دامەزراوە ڕێژەی قسە کردن بەزمانی کوردی لەنێویاندا زۆر کەمە بە تایبەت لە شارێک وەکوو دێرسیم چیدی بە زمانی کوردی قسە ناکەن و شاری دیاربەکریش ئەم مەترسیە لێی نزیکە.

کوردپرێس: ئەو سیاسەتانەی حکوومەت و حزبە تورکیایەکان و ناوەند فەرهەنگییەکان هەمبەر زمانی کوردی دەیگرنە پێش، چییە؟

بارێژ جەلالی: هیچ مافێک بۆ زمانی کوردی لە تورکیادا نییە. بۆ نموونە ئەگەر کەسێک لە پەرلەمانی تورکیا بە زمانی کوردی قسە بکات لە کاتی نووسینیدا دەنووسن: "زمانی نەناسراو" و یان بەجێگای نووسینی وشەی کوردی پیتی (X) دەنووسن و ئەو پیتە نیشاندەری شتێکی ناشناس و بێ مانایە.

ناوبراو زیادی کرد: ئەم بابەتانە ئەو ڕاستییە دەردەخات کە کاتێک بەزمانی کوردی لە تورکیا قسە دەکەی ئەم زمانە دەرکی پێناکرێت چوونکە پەرلەمان ترسی لەوە نییە و حکوومەت بەم مەنتیقە هەڵەوە چاو لە زمانی کوردی دەکات. لەلایێکی دیکەوە کاتێک هاووڵاتیێکی کورد لە شارە گەورەکاندا بەزمانی کوردی قسە دەکات هێرشی دەکرێتە سەر و هەندێک جاریش دەکوژرێت. بۆ نموونە ماوەیێک لەمەوبەر لەشاری ساکاریا نەتەوە پەرەستێک تەقەی لە باوک و منداڵێک کرد بەبۆنەی ئەوەی کە بە زمانی کوردی لە بازاردا قسەیان کردووە و دەستبەجێ گیانیان لەدەست دا. نموونەی دیکەش لە شاری ئەنقەدە گەنجێکی تەمەن 18 ساڵ بەناوی بارش چاکان تەنها بەو بۆنەوە کە گوێی لە مۆسیقای کوردی گرتووە لەلایەن سێ لاوی تورکەوە هێرشی کرایە سەر و کوژرا. هەموو ئەمانە دەری دەخات ئەم بیرۆکەیە تەنها لەلایەن حکوومەتەوە نییە و هاووڵاتییانی تورکیش کاریگەرییان لە سیاسەتەکانی حکوومەت وەرگرتووە.

کوردپرێس: گرووپ و ناوەندە سیاسی و کۆمەڵایەتییە کوردەکان لە تورکیا چ هەوڵێکیان بۆ پاراستن و گەشەپێدان بە زمانی کوردی داوە و لە داهاتوودا چ سیاسەتێک پەیڕەو دەکەن؟

بارێژ جەلالی: پارتی کرێکارانی کوردستان کە لەبواری سەربازی و سیاسییەوە لە تورکیا کاریگەریی هەیە و پارتی دیموکراتیکی گەلان کە نزیک لەو حزبەیە هەڵمەتێکی بنەڕەتییان بۆ زمانی کوردی لە تورکیا ئەنجام نەداوە و لە 40 ساڵی ڕابردوویشدا ئەم پرسەیان بۆ چارەسەر نەکراوە. بەتایبەت لە 8 ساڵی ڕابردوودا کاتێک کە هەدەپە پارادایمی سیاسیی خۆی گۆڕی و ڕایگەیاند حزبێکی تورکیاییە نەک کوردی و بڕوای بە برایەتی نێوان میللەتەکان هەیە، هیچ هەوڵێکی بۆ زمانی کوردی نەداوە.

وتەبێژی بزووتنەوەی زمانی کوردی لە تورکیا درێژەی دا: یان حزبی هوداپار کە پێشتر لەزێر ناوی حزبوڵڵا چالاکی دەنواند و چەکی نایە زەوین و وەکوو حزبێکی یاسایی دەستی بەکار کرد؛ ئەوانەش بۆ زمانی کوردی هیچ هەوڵێکیان نەداوە. هەموو ساڵێک بۆ هەر بەرنامەیێکی سیاسی و مەزهەبی لە میدانی شارەکان هەزاران کەس کۆ دەکەنەوە بەڵام هیچ هەوڵێک بۆ پاراستنی زمانەکەیان نادەن.

ناوبراو زیاتر وتی: لە ئێستادا تەنها چەند گرووپ، چاپخانەو و بڵاڤگەی بووچک لەبواری زمانی کوردیدا چالاکن. بۆ نموونە بڵاڤگەی "نەوبەهار" لەبواری زمانی کوردیدا چالاکی باشی نواندووە هەروەها بڵاڤگەی "ئەوستا" و چەند ناوندێکی دیکە. بەڵام ڕۆڵی ئەنستیتۆ زمانی کوردیی ئیستامبۆڵ زۆر بەرچاو نییە و کاریگەریی زۆری لەسەر زمانی کوردی نییە. ئەم ژمارە کەمە لە ناوند و سەنتەری کوردییە وەڵامدەرەوەی بیست و پێنج تا سی ملیۆن حەشیمەتی کوردی تورکیا نییە. لەلایێکی دیکەوە چەند حزبی نەتەوەپەرەستی کورد لە تورکیا بوونیان هەیە کە ئەوانیش دەسەڵاتێکی ئەوتۆیان لەم بوارەدا نییە. بەم هۆکار و دۆخەوە ئێمە بڕیارمان دا بزووتنەوەیێک دابمەزرێنین کە دوور بێت لەهەموو ڕەوت و حزبێک لە پەکەکە و هەدەپە-وە بگرە تا هۆداپار و ڕەوتەکانی دیکە و دوور لە هەر جووڵایێکی توندئاژۆیانە تەنها لەبواری زمانی کوردیدا کار دەکەین.

بەردەنگی ئێمە هەموو کوردێکە و هەموو کەسێک کە زمان و فەرهەنگی خۆی دەوێت دەتوانێت بەشداری بکات لەم بزووتنەوەمانەدا. بەردەنگی ئێمە کوردانی تورکیان کە ئاگاداری زمان و فەرهەنگەکەیان بن و ئیجازە نەدەن لەوە زیاتر زمان و فەرهەنگی کوردی لەناو ببرێت. هەر کوردێک لە هەر حزبێکدا ببێت دەتوانێت بەدەنگی بزووتنەوەی ئێمە بێت. بەدەنگی دیکەی ئێمە ناوەندە ناحکوومییە نێونەتەوەییەکانن. ئێمە توانای خۆمان سەرفی سەلماندنی خۆمان بە پەکەکە و حکوومەت ناکەین بەڵکوو ئێمە داوا لە میللەتی کورد و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین ئاوڕ لەم ڕاستییە بدەنەوە.

لە کۆتاییدا بارێژ جەلالی سیاسەتوان و وتەبێژی بزووتنەوەی زمانی کوردی لە تورکیا دەڵێت ئێمە چەند داخوازیمان هەیە:

یەکەم: زمانی کوردی لە تورکیا ڕەسمیەتی پێبدرێت چوونکە ئەمە زمانی نزیک لە سی ملیۆن مرۆڤە لە تورکیا.

دۆۆهەم: زمانی کوردی هەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە تا زانستگاکان مەشقی پێبکرێت.

سێهەم: ئەو ناوە کوردییانە کە قەدەغە کراون ئازاد بکرێن و ناوی گوند و شار و چیا و لادێکان بکرێتەوە زمانە کوردییەکەی خۆی.

ناوبراو جەختی کردەوە کە ئاستەنگ و کێشەکان زۆرن بەڵام ئێمە بۆ ئەم داخوازییە ڕەوایە هەوڵ ئەدەین و چالاکییەکانمان درێژە پێدەدەین و لە ڕێگای مەدەنییەوە بۆ گەیشتن بەم داخوازییە چالاک دەبین. ئێمە هەموو کونسۆڵخانە و ناوەندەنێونەتەوەییەکان لە ناوەوە و دەرەوەی تورکیا دەکەینە بەردەنگ و بەرنامەی خۆمانیان پێدەدەین کە ئاشنای کارەکانمان بن و یارمەتیدەرمان بن لەم ڕێگایەدا. ئێمە هەوڵ ئەدەین ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە حزبە سیاسییەکان دوور بکەوینەوە و زیاتر بچینە نێو خەڵک و کۆمەڵگای مەدەنی. ئێمە تەنها بەیاننامە دەر کردن قەناعەت ناگرین و دەچینە ناو خەڵکەوە و داخوازییەکانمان پدەبەینە پێشەوە و چالاکیی بەربڵاو دەنوێنین. سیاسەتێک کە خۆی دوور دەگرێت لە توندڕەوی و بیر لە کۆمەڵگای مەدەنی دەکاتەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189315

Your Comment

You are replying to: .
captcha