کوردپرێس:
وەزیری داد، بەنووسراوێك وەڵامی نووسراوەكەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانی داوەتەوەو تێدا هاتووە، بڕیاری سەرۆكی پەرلەمان ژمارە 37 كە لە 14-06-2020 ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە و وێنەیێكی دراوەتە وەزارەتی داد بۆ بڵاوكردنەوەی لەرۆژنامەی فەرمی (وەقائیعی كوردستان)، بەداخەوە كە بە بەڕێزتانی رادەگەیەنین، كە داوای لێبووردن دەكەین و ناتوانین بڕیارەكە لە رۆژنامەی فەرمی بڵاوبكەینەوە.
هەر لەنووسراوەكە، ئەو بڕیارەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان "پێچەوانەی رێسای گشتی پلەبەندی یاسایی (سلم التدرج القانونی) دەرچووە، رای جەنابتان نەبوونی سەرچاوەی تانەلێدان لە یاسا و بڕیارەكانی پەرلەمان و دەستەی سەرۆكایەتی یان سەرۆكی پەرلەمان ناكاتە جێگرەوەی و دەسەڵات و تایبەتمەندی چاودێری لەسەر یاسا دەرچوو لە پەرلەمانی پێنادات، بێ لەبەرچاوگرتنی چۆنێتی و شێوازی تەشریعكردنی هەر یاسایەك یان بڕیارێك.
لە بەشێكی دیكەی نووسراوەكەی وەزیری داد هاتووە، لەبەر ئەو هۆیانەی سەرەوە ئەو بڕیارەی داوای بڵاوكردنەوەی كراوە بەپێ یاسا بە بڕیارێكی نەبوو دادەنرێت و بەپێی یاسای بڵاوكردنەوەی رۆژنامەی وەقائیعی كوردستان بۆ بڵاوكردنەوە ناشێت و بڵاوكردنەوەی بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوانەی باسكران دەبێتە مایەی رەخنە و پێشینەیەكی ترسناك لەسەر پەرلەمان و سەرۆكایەتی و سیستەمی سیاسی هەرێم، هەروەها لەسەر وەزارەتی داد بەسەرپێچی لە رێسای گشتی و حكومەكانی یاسا تۆماردەكرێت.
لە 7ـی مانگی ئایار بە دەنگی 57 پەرلەمانتار پارێزبەندیی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر لەفراكسیۆنی كۆمەڵ هەڵگیراو لە رۆژی 15-6-2020 سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە.
پێشتریش نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان روونكردنەوەیەكی بڵاوكردبووەو رایگەیاند، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان جەخت لەسەر هەڵوێستی پێشووی دەكاتەوە سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە (4) ی ساڵی 2020 ، كە بڕیارمان بە نووسراوی ژمارە (37 لە 14/6/2020) واژووەكراوە، بۆ ئەم مەبەستەش بە نووسراوی ژمارە (4/3/1001 لە 25/6/2020) ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە بە مەبەستی بڵاوكردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی وەقائیعی كوردستان، بۆ ئەوەی سیفەتی ئیلزامی وەربگرێت بۆ جێبەجێكردن.
Your Comment