کوردپرێس:
ئەکتەوبری 2019 لە کاتێکدا کە هێشتا ماوەیێکی ئەوتۆ لە پێوەندییە تەلەفونییەکەی ئەردۆغان و ترەمپ تێنەپەڕیبوو هێزە ئەمریکییەکان لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردەکانی سووریا کشایەوە و پاش ماوەیێکی کورت هێزەکانی سوپای تورکیا هێرشیان کردە سەر کوردەکان. کوردەکان دەڵێن ئەمریکا بەم کارەی لە پشتەوە خنجێری لە کورد دا و خەیانەتی لە کورد کرد.
کەناڵی سی ئێن ئێن لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە ترەمپ و ئەردۆغان پێوەندیی تایبەتیان لەگەڵ یەکتر هەیە و زیاترین پێوەندیی تەلەفونیی ترەمپ لە نێو سەرۆکی وڵاتان تایبەت بە پێوەندیی لەگەڵ ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا بووە.
سی ئێن ئێن لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانی خۆیەوە نووسیویەتی ئەردۆغان هەندێک جار هەموو هەفتەیێک دوو جار لەگەڵ ترەمپ پێوەندیی تەلەفونیی هەبووە و ناوبەناو سەرۆککۆماری ئەمریکا یاریی گوڵفەکەی واز لێدەهێنا و بۆ ماوەیێکی دوور و درێژ بە تەلەفون قسەی لەگەڵ ئەردۆغان کردووە.
ڕاپۆرتەکەی سی ئێن ئێن بە گوێرەی دیمانەکانی لەگەڵ بەرپرسانی جۆربەجۆر لە ماوەی چوار مانگدا ئامادە کراوە.
دوو خاڵی گرێنگ کە لە بارەی لازوازیی ترەمپ لە پێوەندیی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان و بەتایبەت ئەردۆغان و پووتن ئاماژەی پێکراوە ئەوەیە کە ترەمپ ئامادە نەبووە گفتوگۆیان لەگەڵ بکات و سەرباری ئەوەش ترەمپ لەبارەی مێژوو و هەلومەرجی تایبەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت لەبارەی سووریاوە زانیاریی نەبووە.
سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن ترەمپ لەبارەی سووریا و مێژووی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە زانیارییێکی ئێجگار کەمی هەیە و ئەردۆغان هەر ئەم ناتەواویییەی ترەمپی قۆستووەتەوە بۆ پێشخستنی بەرنامەکانی خۆی و بەتایبەتی ئامانجەکانی لەبارەی کوردی سووریاوە. بە وتەی بەرپرسان، ترەمپ زۆر جار بۆ پێوەندی کردن بە ئەردۆغانەوە پرۆتۆکۆلەکانی ڕەچاو نەکردووە و گوێڕایەڵی پێشنیارەکانی بەرپرسانی کۆشکی سپی و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی نەبووە.
Your Comment