بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکا: واشەنتن ڕازییە تورکیا لە خاکی هەرێمدا ئوپەراسیۆنێکی سنووردار دژی پەکەکە ئەنجام بدات

بەشی جیهان- ئالان ماکۆفسکی لە لێدوانێکدا ئاماژی بە ئوپەراسیۆنەکەی ئەم دوایییەی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان کردووە و دەڵێت ئەمریکا ڕازییە تورکیا ئوپەراسیۆنێکی سنووردار دژی پەکەکە لەخاکی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدات.

کوردپرێس:

پێش سێ ڕۆژ ئوپەراسیۆنی چڕنووکی هەڵۆ لە لایەن تورکیاوە لە خاکی هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە و ئەوەش ئوپەراسیۆنێکی کەم وێنەی ئاسمانی و زەمینییە کە تورکیا دژی هێزەکانی پەکەکە لە قەندیل و شەنگاڵ و مەخموور ئەنجامی دەدات. ئەمریکا پەکەکە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانێت.

ئالان ماکۆفسکی بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکایە و ئێستا ئەندامی پەیمانگای ئەمریکیی "پێشکەوتنی ئەمریکا"یە و لە بارەی ئوپەراسیۆنەکەی تورکیاوە وتوویەتی ئەمریکا ڕازییە کە تورکیا ئوپەراسیۆنێکی سنووردار لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدات لەبەر ئەوەی ئەمریکا نیازیەتی هاوپەیمانێتیی لەگەڵ تورکیا بەهێز بکاتەوە و ئەنقەرە لە مۆسکۆ دوور بخاتەوە.

ناوبراو لە دیمانەیێکدا بە نەشناڵ ئینتەرسەت ئۆنلاینی وتووەتورکیا لە بەر خاتری پێگە سەربازییەکانی لەسووریا و لیبیا کە پشتیوانیی ئەمریکاشی لەگەڵە ئوپەراسیۆنەکانی لە هەرێمی کوردستانیش فراوان کردووە.

ئەو بەرپرسە پێشووەی ئەمریکا لەبارەی ئەوەشەوە کە ئایا واشەنتن ئاگاداری هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا دژی پەکەکەیە یان خەیر، وتوویەتی: "تورکەکان نیو سەعات پێش دەست پێکردنی هێرشە ئاسمانییەکان بەئێمە دەڵێن فڕۆکەکانتان دوور بخەنەوە ئێمە خەریکین دێین."

ماکۆفسکی ئەوەشی وتووە کە ئەمریکا لەچەند قۆناغێکدا گومانی بووە لە هێرشی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان چوونکە نەیدەزانی ئامانجی تورکیا لەهێرشەکان لێدانی پەکەکە بوو یان خود ناسەقامگیرکردنی عێراق.

News Code 189043

Your Comment

You are replying to: .
captcha