نێچیرڤان بارزانی و باڵوێزی به‌ریتانیا باس له‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كه‌ن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ستیفن هیكی باڵوێزی به‌ریتانیا له‌ عێراق كۆبووه‌وه‌ و باسیان له‌ گرنگیی چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق كرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاتووه‌، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیی له‌ ستیفن هیكی باڵوێزی به‌ریتانیا له‌ عێراق و جه‌یمس سۆرنتۆن كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر كرد و له‌ دیداره‌كه‌ دوایین پێشهاته‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و هه‌وڵ و ڕێكاره‌كانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان و كاریگه‌رییه‌كانی به‌ تایبه‌تی له‌ بواری ئابووری له‌سه‌ر عێراق و هه‌رێمی كوردستان و جیهان و چۆنیه‌تیی ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌یان خرایه‌ به‌رباس.

ئاماژه‌ دراوه‌، ده‌ستبه‌كاربوون و به‌رنامه‌ی كار و هه‌نگاوه‌كانی حكوومه‌تی تازه‌ی فیدرالی عێراق، به‌ سه‌رۆكایه‌تی مسته‌فا كازمی و كێشه‌ و ته‌نگژه‌ و هه‌ڕه‌شه‌كانی به‌رده‌می، پێوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدرال و هه‌وڵ و دیالۆگی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانیان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

هاوكات هه‌ردوولا هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ و به‌هێزبوونه‌وه‌ی داعشیان خسته‌ به‌رباس كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ جموجۆڵه‌كانی له‌ چه‌ندان ناوچه‌ی عێراق په‌ره‌ی سه‌ندووه‌ و هاووڵاتیان و هێزه‌كانی عێراق به‌ ئامانج ده‌گرن، له‌وباره‌وه‌ داكۆكی له‌ گرنگیی به‌رده‌وامی پشتگیری هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدرالی عێراق كرایه‌وه‌.

له‌ به‌شێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌ دۆخی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و پێوه‌ندییه‌كانی به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان و خواستی هه‌ردوولا بۆ به‌ره‌وپێشبردنیان، دیالۆگی ستراتیجی عێراق و ئه‌مه‌ریكا و چه‌ندان پرسی تری جێی بایه‌خی هه‌ردوولا باسیان لێوه‌ كرا.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189013

Your Comment

You are replying to: .
captcha