عێراق بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی درێژ کردەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دەستەی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراق بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی تاوەکوو 20-6-2020 درێژ کردەوە.

کوردپرێس: تەلەفیزیۆنی کوردستان24 بڵاوی کردەوە بەپێی سەرچاوەیێک لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق، دەستەی فڕۆکەوانیی شارستانی، فڕۆکەخانەکانی ئاگادارکردووەتەوە بەوەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان درێژکراوەتەوە.

هەر بەپێی سەرچاوەکە، ئەو بڕیارە گەشتی فریاگوزاری و رێکخراوە مرۆیی و دیپلۆماسییەکان ناگرێتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی رێکخراوی جیهانیی فڕۆکەوانی شارستانی، 71 وڵات لە سەرتاسەری جیهان وادەی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانیان دەستنیشان کردووە، کە لەپێناو رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، ناچاربوون گەشتە ئاسمانییەکانیان رابگرن.

بەپێی خشتەکەی رێکخراوی جیهانیی فڕۆکەوانی مەدەنی: زۆربەی وڵاتان پلانیان داناوە لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران تاوەکو سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵ گەشتەکانیان دەستپێبکەنەوە، تەنانەت ئەمریکا کە زەرەرمەندترین وڵاتە بە پەتای کۆرۆنا، چاوەڕێی ئەوەی لێدەکرێت لە مانگی ئەیلوول رێگە بە گەشتە ئاسمانییەکان بدات.

بەگشتی کەرتی فڕۆکەوانی زەرەرمەندترین کەرتە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەپێی یەکێیی نێودەوڵەتیی گواستنەوە (ئیاتا)، مەزەندە دەکرێت ئەمساڵ کەرتی فڕۆکەوانی 314 ملیار دۆلار زەرەر بکات، ئەوەش جگە لە 550 ملیار دۆلار کە رەنگە وەکو قەرز بکەوێتە سەر کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 188998

Your Comment

You are replying to: .
captcha