کوردپرێس:
لاهوور شێخ جەنگی، لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، "ئەمڕۆ لەگەڵ هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی پێشوازیمان کرد لە د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق، لە دیدارێکدا گفتوگۆمان کرد دەربارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان".
لاهوور شێخ جەنگی باسی لەوەش کردووە، ئاماژەمان بە گرنگیی ڕۆڵی نیشتیمانیی سەرۆککۆمار کرد بۆ کارکردن لەسەر یەکخستنی ڕیزەکان و پەرەپێدانی پڕۆسەی سیاسی بە پشتبەستن بە دەستوور کە بەشداری ڕاستەقینە و نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکان لەخۆ بگرێ، سوپاسی د.بەرهەممان کرد بۆ ئەو ڕۆڵەی کە تیادا سەرکەوتوو بووە بۆ دەربازبوون لەو ئاستەنگانەی کە پێشتر هاتوونەتە پێش و تێپەڕاندنی کێشەکان بە شێوەیێکی ژیرانە کە خێر و بەرژەوەندیی گەلی تیادا بێ بە هەموو پێکهاتەکانیەوە.
لاهوور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەش کردووە، باسمان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران کرد و ڕامانگەیاند کە هەڵبژاردنی داهاتوو هەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەی گۆڕانکاریی بنەڕەتی و دانانی بناغەیەکی بەهێز بۆ داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان.
ڕوونیشی کردووەتەوە، لەو ڕووەشەوە جەختمان لەسەر ڕەخساندنی زەمینەیێکی گونجاو کردەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە جێگەی ڕەزامەندی هەمووان بێت. باسمان لە بەستنی هاوپەیمانیی نێوان یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کرد بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، بە هەنگاوێکی گرنگمان لە قەڵەمدا بۆ یەکڕیزیی ناوماڵی کورد و بەدەستهێنانی تەواوی مافەکانی گەلی کورد لە بەغدا.
Your Comment