بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هێرشەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە چەند حەفتەی ڕابردوودا لە سووریا و عێراق، هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی سووریای دیموکراتی ناچار کردووە ئۆپەراسیۆنی نوێ دژ بەو گرووپە تیرۆریستییە ڕێکبخەن.
گۆڤاری دەیلی بیست لە ڕاپۆرتێکدا باس لە هۆکارەکانی گەڕانەوەی دووبارەی داعش دەکات ئەوەش پاش ئەوەی ئەمریکا شکستهێنانی ئەو گڕووپەی بە فەرمی ڕاگەیاندبوو.
ئەم گۆڤارە دڵێت هۆکاری سەرهەڵدانەوەی دووبارەی داعش ستراتێژیی ئەمریکا لە سووریا بوو. دەیلی بیست ئاماژە دەکات بە کشانەوەی ئەمریکا لە کوردستانی سووریا لە ساڵی 2019 و پاشان هێرشی تورکیا و دەنووسێت: ئەمریکا کاتێک کشانەوەی خۆی ڕاگەیاند پشتی کوردەکانی چۆڵ کرد بۆیە هێزە کوردەکانی سووریا ناچار کران بەرەکانی شەڕی داعش بەجێ بهێڵن تاکوو بتوانن هەمبەر هێرشەکانی تورکیا بوەستنەوە.
دەیلی بیست لە درێژەدا جەخت دەکاتەوە ئەم مەسەلە کە هۆکارەکەشی کشانەوەی ئەمریکا لە باکووری سووریا بوو، داعشی بووژاندەوە و ئێستا دەبینین ئەم گرووپە هێرشەکانی لە عێراق و سووریا دەست پێکردووەتەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment