کوردپرێس:
کۆمپانیای فەیسبووک ڕایگەیاند لە مانگی ئاداردا 324 لاپەڕە و 71 ئەکاونتی تایبەت و 5 گرووپ و 31 ئەکاونتی ئینستاگرامی لە هەرێمی کوردستان داخستووە هۆکارەکەشی ئەوە بوو تێکڕا و بە هەماهەنگییەوە هەوڵی سووک کردنی چەند کەسایەتییان داوە و کۆمێنت و بابەتی ناڕاستیان بڵاو کردۆتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی فەیسووک بەردەنگانی ئەو لاپەڕە و ئەکاونتانەی فەیسبووک خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون و خاوەنی ئەکاونتەکان هەوڵیان داوە خۆیان بە نەناسراوی بهێڵنەوە.
کۆمپانیای فەیسبووک نووسیویەتی ئەو بابەتانەی لە ئەکاونت و لاپەڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کرابوونەوە تانەدان لە سیاسەتی حکومڕانیی هەرێمی کوردستان و ڕەخنەگرتن لە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و کۆمەڵێک تەوەی دیکە لەبارەی دوو حیزبی یەکێتی و گۆڕان بوو.
فەیسبووک ئیدعای ئەوەشی کردووە ئەو لاپەڕە و ئەکاونتانەی لە فەیسبووک و ئیسنتاگرام داخراون پێوەندییان بە دەزگای هەواڵگریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی فەیسبووک نزیکەی 4.4 ملوێن ئەکاونتی یەک یان چەند بەکارهێنەر داخراون کە شوێنکەوتووی ئەو کۆمپانیایە بوون و نزیکەی 270 هەزار دۆلاریش بۆ ڕیکلام کردن و پڕوپاگەندەکردن لەو لاپەڕە داخراوانەدا سەرف کراوە.
کۆمپانیای گرافیکا لە بواری خوێندنەوە و تاوتوێ کردنی ناوەرۆکی بابەتەکاندا کار دەکات و تەوەرە ئاراستەکراوەکانی ئەو چەند لاپەڕە داخراوەی تاوتوێ کردووە و لە ڕاپۆرتێکی 30 لاپەڕەییدا گەشتۆتە ئەو ئەنجامە کە ناوەرۆک و تەوەری زۆرینەی بابەتەکان ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی حکوومەتی ئێستای هەرێمی کوردستان و سەرکردەکانی پارتی و بەتایبەتی شەخسی مەسروور بارزانی بووە.
Your Comment