«بەدران چیا کورد» جێگری هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا کە دواین هەواڵەکانی دانوستان لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکوومەتی ناوەندیی سووریا چیە؟ ڕایگەیاند: لە ئێستادا هیچ دانوستانێک لەنێوانماندا نییە و گفتوگۆکان ڕاوەستاون. پێشتر ڕووسیا چەندجار هەوڵی ئەوەی دا گفتوگۆ لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و حکوومەتی ناوەندیی سووریا ئەنجام بدرێت. لە کۆبوونەوەکاندا بە ئامادە بوونی لایەنی ڕووسی گەیشتینە ئەو ڕێگاچارەیە کە کۆمیتەیێک پێبهێندرێت تاکوو کێشەکان دەست نیشان بکرێن و لەبارەیان بیرەکانمان ئاڵوگۆڕ بکەین.
ناوبراو زیادی کرد ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا کۆمیتەیێکمان بۆ گفتوگۆ کردن و ڕێگاچارەی سیاسی ئامادە کردووە بەڵام پاش ماوەیێکی درێژ حکوومەتی ناوەندی وەڵامی نەداینەوە. لەمبارەوە پرسیارمان لە لایەنی ڕووسی کرد کە چی بوو و چی کراوە؟ پێمان گوتن ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ کردن، بەڵام حکوومەتی ناوەندی ئامادە نییە کە لەگەڵ بەڕێوەبرەیەتیی خۆسەردا گفتوگۆ بکات بۆیەش دانووستانەکان ڕاوەستاون.
بەدران چیا کورد جەخت دەکاتەوە: "بەڕای ئێمە کێشەی سەرەمی لە دانووستانەکاندا دیمشق-ە. دیمەشق هیچ پلان و بەرنامەیێکی بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا نییە و مکووڕە لەسەر سیاسەتەکانی خۆی و دەیهەوێت هەموو شتێک وەکوو ساڵەکانی پێش 2011 بێت".
جێگری هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەباەری دەوری ڕووسیا لە دانوستانەکاندا دەڵێت: بە ڕای ئێمە بەرپرسیارەتی درێژەدان بە دانوستانەکان لە ئەستۆی ڕووسیادایە و واجبە ڕووسیا ڕۆڵ بگێڕێت و گوشار بخاتە سەر حکوومەتی ناوەندیی سووریا.
ناوبراو دەڵێت ڕووسیا بەگشتی ڕووسیا دەورێکی گرینگ دەبینێت لە چارەسەر کردنی کێشەکانی سووریادا و بەبێ ڕووسیە کێشەکان چارەسەر نابن. زۆر پێویستە هەموو حزب و گرووپە سوورییەکان بۆ چارسەر کردنی قەیرانی سووریا کۆ ببنەوە و لەباەری چارەنووسی سووریا گفتوگۆ بکەن.
بەدران چیا کورد ئاشکراشی کرد داوایێک کە لە ڕووسیا هەیە ئەمەیە کە هەموو قەوم و گرووپە سیاسییەکان لە دانوستانەکاندا بەشدار بکات. ئیمکانی نییە کە تەنها بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن کە لە چوارچێوەی گرووپەکانی سەرەبە تورکیان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی دانوستان بکەن و بگەنە ڕێگاچارە، چوونکە بەبێ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە گفتوگۆکاندا هیچ چارەسەرێک لە سووریا ڕوونادات و پێویستە ڕووسیاش ئاوڕ لەم بابەتە بداتەوە.
جێگری هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە پڕۆسەی دانوستانەکانی کوردی- کوردی گەیشتووەتە چ ئاستێک؟ وتی: ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا بڕوامان وایە تا هەر ئاستێک گفتوگۆ لەنێوان ڕەوتەکاندا زیاتر بێت، زیاتر نزیک دەکەوینەوە لە ڕێگاچارەی سیاسی و هەمیشەیی. بۆیە زۆر گرینگە کە لە گفتوگۆی نێوان لایەنە کوردییەکاندا ڕێگاچارەیێک بۆ چارەسەریی کێشەکان بدۆزرێتەوە، چوونکە کوردەکان نەک هەر لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا بەڵکوو لە هەموو سووریا دەتوانن ڕۆڵ بگێڕن.
بەدران چیا کورد زیادی کرد هەروەها لێک نزیک بوونەوەی پێکهاتەکانی دیکە وەکوو عەرەبەکان، ئەرمنییەکان و ئاشوورییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێگاچارەیێکی هاوبەش زۆر گرینگە. گفتوگۆ لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) بۆ کورد و کوردستان زۆر گرینگە و دەبێت بگاتە ئەنجام چوونکە پێویستە مافی گەلی کورد لە سووریا دەستەبەر بکرێت.
ناوبراو وەبیری هێنایەوە: لە ئێستادا دەرفەتێکی باش لە ئاستی ناوچەکە و جیهاندا بۆ دەستەبەر بوونی مافی گەلی کورد لەسووریا خولقاوە و ئەم یەکگرتنە پێویستە. بێ گومان ئەگەر مافی کورد لە سووریا تەزمین بکرێت کاریگەری دەبێت لەسەر کوردەکانی دیکە و واجبە کە حزبە کوردستانییەکان پشتگیری لە دانوستانی نێوان ئەنەکەسە و پەیەدە بکەن.
جێگری هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جەخت دەکاتەوە: گفتوگۆی نێوان حزبەکانی بەرێوەبرایەتی خۆسەر و ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سووریا لەسەر بنەمانی پڕەنسیپەکاندامەزراوە و بەرژەوەندیی کوردانی سووریای تێوان لەبەرچاو گیردراوە و ئەمەش بۆ ئێمە زۆر گرینگە. بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکراتی دەسکەوتێکی گرینگ و مێژووییە و لەم ڕێگایەوە مافی هەموو میللەتەکان، لەوان میللەتی کورد پارێزراوە.
ناوبراو دەڵێت ئیمکانی نییە ڕێککەوتنێک ڕووبدات کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر تیایدا لاواز کرا بێت. درگای بەڕێوەبەرایەتی کراوەیە لەسەر هەموو لایەنەکان، بیر و ڕاکان و بیرە نوێکان و ئامێرەکەی ئەم تەڤڵ بوونەو هەڵبژاردنە. لە هەڵبژاردندا هەر یەکە و بەپێی توانا و شایستەکانی خۆی کاریگەریی لەسەر ئەنجومەن و ڕێکخراوەکاندا هەیە.
بەدران چیا کورد لەبارەی پشکخوازیی 50-50 کە ژمارەیێک لە ڕەوتە کردییەکان باسی لێوە دەکەن دەڵێت: ڕێگاچارەی پەنجا/پەنجا ڕێگایێکی دیموکراتیک نییە. بڕوامان وایە کە دەبێت بەشێوەیێکی دیموکراتیک ڕای خەڵک وەربگرین تا بڕوامان پێبکەن.
جێگری هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە وەڵامی پرسیارەکەی هەواڵنێری کوردپرێسدا کە چارەنووسی هێزە سەربازییەکانی دوو لایەنەکە چییە؟ دەڵێت: لە ئێستادا هێزێکی سەربازیی بە ئەزموون و دیموکرات لەژێر ناوی هێزەکانی سووریای دیموکرات HSD بۆ هەموو میللەتانی دانیشتووی باکوورو باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا پێکهاتووە. بۆیەش ئیمکانی نییە چەند هێزی سەربازی پێکەوە و لە دەرەوەی هەسەدە لەم ناوچەیەدا دابمەزرێت. دامەزراندنی هێزێکی سەربازیی جیا لە هەسەدە لاوازبوونی هێزە کوردییەکان لە کوردستانی سووریادا لێدەکەوێتەوە کە مەترسی و دووبەرەکیی زیاتری بەدواوەیە.
ناوبراو دەڵێت هیچ ڕێکخراوێکی سەربازیی دیکە لە کوردستانی سووریا لە دەرەوەی هەسەدە قبووڵ ناکەین و ئەگەر لایەنەکانی دیکە لەسەر ئەم بابەتە مکووڕ بن یان داخوازیی 50/50 بێننە پێشەوە ڕێگاچارەی کۆتایی دوا دەخەن و لە ڕێککەوتن دوور دەکەوینەوە.
بەدران چیا جەخت دەکاتەوە ئەو بابەتانەی ئێستا تاوتوێ دەکرێن بەشێوەیێکی ئەرێنی دەچنە پێشەوە و ڕێککەوتنی سیاسی کراوە، بەڵام هێشتا لەسەر پرسە ئیداری و سەربازییەکان گفتوگۆیێک نەکراوە و هیوادارین لەم بابەتانەشدا بەرژەوەندیی کوردەکان لەبەرچاو بگیردرێت.
جێگری هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە وەڵامی پرسیارەکەی کوردپرێسدا کە پێوەندیی ئێوە و ئەمریکا و هاوپەیمانان لەئێستادا لە چ ئاستێکدایە و لەسەر چ بنەمایێکە دەڵێت: پێوەندییەکانی نێوان هەسەدە و هاوپەیمانان درێژەی هەیە و بنەمای پێوەندییەکەش لەسەر شەڕی داعش و تیرۆریزم دامەزراوە . شەڕ لە دژی داعش و تیرۆریزم کۆتایی پێنەهاتووە بۆیە هێشتا پێوەندیمان پێکەوە هەیە. پێوەندییەکان بۆ گەیشتن بە ئارامی و ئەمنیەت لە سووریا درێژەیان دەبێت و پێوەندییەکەمان تەنها لەسەر بنەمای دژایەتیی گرووپەکانی دیکە نییە.
بەدران چیا کورد جەخت دەکاتەوە: ئێمە وەکوو بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هەسەدە داوا لە ئەمریکا و هاوپەیمانان دەکەین بۆ چارەسەر کردنی پرسەکانی سووریا ڕۆڵ بگێڕن و گرووپە کاریگەرەکانی سووریا لە دانوستانەکاندا بەشدار بکەن. تا ئەو کاتە بەشداری بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە دانوستانەکاندا نەکرێت ئیمکانی نابێت لە بواری سەربازیشەوە سەرکەوتنێکی هەمیشەیی دەستەبەر بکرێت.
ئەم سیاسەتوانە کوردە لەبارەی پێوەندییەکانی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و ڕووسیا دەڵێت: هەر لە سەرەتایشەوە پێوەندیمان لەگەڵ ڕووسیا هەیە و درێژەشی پێدەدەین و ئەوپێوەندییە کاریگەری دەبێت لەسەر گەیشتن بە ئەمنیەتێکی هەمیشەیی بۆ باکووری سووریا و هەموو سووریا. لە چەند ئاستی باڵا و جیاجیادا پێوەندیمان لەگەڵ ڕووسیا هەیە بەتایبەت پاش هێرشی تورکیا بۆسەر سەرێ کانی و گرێ سپی بە نێوەندگریی ڕووسیا هەماهەنگی لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و سوپای سووریا بەدەست هاتووە و تا ئێستایش ئەو پێوەندییە لەو چوارچێوەیەدا پەیڕەو دەکرێت. ڕووسیا بەرپرسە لە چارەسەر کردنی کێشەکانی سووریا و بەشدار کردنی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات (MSD) لە دانوستانەکانی سووریا و پێویستە دەوری خۆی بگێڕێت.
ناوبراو دەڵێت: دیمەشق قایل بە ڕێگاچارەی سیاسی نییە و عەقڵیەتی پێش 2011 پەیڕەو دەکات ئێمە داوا لە ڕووسیا دەکەین دەرک بە تایبەتمەندییە سیاسی و فەرهەنگییەکانی سووریا بکات و ئەو گرووپانەی شەڕی تیرۆریان کردووە بە فەرمی بناسێت. ئەگەر بە فەرمی نەناسێندرێن ئەگەری چارەسەر کردنی پرسی سووریا بوونی نابێت. ئەگەر بیانەوێت هاوشێوەی دەرعا و حەمەس و غووتە دەست بۆ شەڕ و خوێنڕشتن بەرن، ئەمە ڕێگاچارە نییە و کێشەکان دووهێندە زیاتر دەبن.
بەدران چیا کورد جێگری هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە کۆتاییدا دەڵێت: ئەمڕۆ لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئیدارەیێک دەبینین بە تایبەتمەندییەکانی دیموکراتیکەوە کە ئەزموونی بەڕێوەبەری و سەربازی و ئابووریی سەرکەوتووی هەیە و ئەمەش دەستگیرێکە بۆ ڕێگاچارەی سیاسیی سووریا و دەتوانێت سوودی بۆ هەموو سووریا ببێت، بۆیەش ڕووسیا دەتوانێت ڕۆڵێکی گرینگ بگێڕێت و بەم شێوەیە سووریا یەکپارچە و یەکگرتوو دەبێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment