95 لەسەدی ئەندامانی یەکێتی خوازیاری کشانەوەن لە حکوومەتی هەرێم و داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی باس لەوە دەکات کە 95 لەسەدی ئەندامانی یەکێتی خوازیاری کشانەوەن لە حکوومەتی هەرێم و داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ شارپرێس باسی لە کێشە و گرفتەکانی بەردەم سیستەمی حوکمڕانی هەرێم کرد و پێی وابوو کە حکوومەتی هەرێم بەرەو حکوومەتێکی تاک حزبی و تاکڕەوی هەنگاو دەنێت و پێویستیە یەکێتی نیشتمانی خۆی یەکلایی بکاتەوە لە بەردەوام بوون لە بەشداریی حکوومەت یان کشانەوە لە حکوومەت کە بە وتەی ئەو لەسەدا ٩٥ی ئەندامان و کادرانی حزبەکەی لەگەڵ ئەوەن یەکێتی لە حکوومەت بکشێتەوە.

سەبارەت بە بژاردەی هەڵبژاردنی پێشوەختە ئاریز عەبدوڵا وتی: مادام حکوومەت ناتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات و قەیرانی ئابووری چارەسەر بکات و لایەنەکانی بەشدار لە حکوومەت ناتوانن بە بێدەنگی حوکمداری بکەن، پێویستە هەڵبژاردنێکی پێشوەختە ئەنجام بدرێت هەروەک چۆن لە عێراق بڕیاری لێدراوە.

سەبارەت بە پرۆژەکەی یەکێتی کە لە ساڵی ڕابردوودا بۆ جیبەجێ کردنی لامەرکەزی پێشکەشی کرد ئارێز عەبدولا رایگەیاند، پارتی تا ئێستا وەڵامێکی ئەرێنی نەبووە بۆ پرۆژەکەیان هەروەک چۆن بە فەرمیش ڕەتیان نەکردۆتەوە.

لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەیدا ئارێز عەبدوڵا باسی لە تیمی یەکێتی کرد لە حکوومەتی هەرێم و بە هەند وەرنەگرتنی ڕۆڵ و بۆچوونیان لە حوکمرانیدا کرد وتى، لە نێو یەکێتیش فشار لەسەر تیمی یەکێتی لە حکوومەت هەیە و گلەیی لە ئەدای تیمەکە دەکرێت.

لە کۆتایی دیدارەکەدا ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد کە هاوسەرۆکانی یەکێتی بابەتی کشانەوە لە حکوومەتیان راگرتووە تا بتوانن بە دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەری کیشەکان بکەن لەگەڵ پارتیدا چوونکە هیچ هیزێک بە تەنها ناتوانیت هەرێمی کوردستان بەرێوە ببات ئەگەر چی دەنگی زۆرینەشی هەبێت هەروەک چۆن لێکەوتەکانی کشانەوەی یەکێتی پێدەچێت گەورەبن و دۆخی هەرێم بباتە قۆناغێکی نوێیوە کە خوازراو نەبێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1756

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha