بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاوی کردەوە، بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆشکی بەغدا پێشوازیی کرد لە یوری بۆریسۆڤ، جێگری سەرۆکی حکوومەتی ڕووسیا و سەرۆکی لیژنەی ھاوبەشی عێراق - ڕووسیا لەلایەن حکوومەتی ڕووسیا و سەبارەت بە گۆرانکاری و پێشھاتەکانی ناوچەکە گفتوگۆ کرا.
لە سەرەتای دیدارەکەدا یوری بۆریسۆڤ، سڵاو و رێزی ڤلادمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیای گەیاندە سەرۆک کۆماری عێراق، ھاوکات بەرهەم ساڵح لە رێگەی یوری بۆریسۆڤ، سڵاو و رێزی خۆی ئاڕاستەی سەرۆکی ڕووسیا کرد.
لەو دیدارەدا بەگرنگییەوە باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی پەرەپێدانی لە سەرجەم بوارەکاندا کرا، ھەروەھا جەخت کرایەوە لە گرنگیی بەهێزکردنی ھەماھەنگی لە بوارەکانی ئاسایش و بەرگری بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هاریکاری بازرگانی و ئابووری و رۆشنبیری، بە جۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو گەلی عێراق و ڕووسیا بکات.
هاوکات گفتوگۆش کرا دەربارەی کارەکانی لیژنەی هاوبەشی عێراق - ڕووسیا و پێویستی فراوان کردنی هەماهەنگی بۆ سەرخستنی بڕیارەکانی لیژنەی ھاوبەش لە رێگەی چاودێری کردنی ریککەوتننامەکان و واژۆ کردنی.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا بەرهەم ساڵح جەختی کردەوە ناوچەکە رووبەڕووی کێشە و ئالنگاری زۆر بووەتەوە، بۆیە پێویستە ھەماھەنگی و کاری جددی بکرێت بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و کەم کردنەوەی گرژییەکان لە رێگەی دیالۆگەوە.
هاوکات ئاماژشی کرد بە کرانەوەی عێراق بە رووی ناوچەکەدا بە ئامانجی بەهێز کردنی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە، ھەروەھا جەختیشی کردەوە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی عێراق بەشێکی گرنگە لە چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتی ناوچەکە.
لەلای خۆیەوە یوری بۆریسۆڤ، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ سەقامگیری و سەروەریی عێراق و هەوڵەکانی بۆ ریشەکێش کردنی تیرۆر و چەسپاندنی ئاسایش دووپات کردەوە، هەروەها هەنگاوەکانی ڕووسیای بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە تەواوی بوارەکان خستەروو.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment