دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی 22 تیرۆریستی ڕاگەیاند

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی 22 کەسی بە تۆمەتی "بەشداری لە کردەوەی تیرۆرستی" راگەیاند.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "پاش کۆکردنەوەی زانیاری و دەستخستنی بەڵگە لەسەر تاقم و گرووپێکی تیرۆریستیی داعش کە لە چەند شارێکی ھەرێمی کوردستان لە خۆڕێکخستندا بوون و مەرامیان بوو چەند کردەوەیێکی تیرۆریستی ئەنجام بدەن".

لەبارەی وردەکاریی دەستگیرکردنی یەکێک لە "تیرۆریستەکان"، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "رۆژی 25-02-2021 تیرۆریست (ز. س) ناسراو بە ئەنەس کوردی، دوای چاودێریکردنی کە بەنیازبوو ھەڵبێت بۆ دەرەوەی ھەرێم، لەلایەن ھێزەکانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی راپەڕین و شارەزوور، لە پشدەر دەستگیرکرا".

هەروەها لەبارەی دەستگیرکردنی یەکێکی دیکە لە "تیرۆریستەکان" دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە داوە، "رۆژی 25-03-2021 لە رێوشوێنێکی ئەمنیی تووندوتۆڵ و ھەڵمەتێکی گەورە و سەرکەوتووی ھێزەکانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لە چەمچەماڵ تیرۆریستی ھەرە تاوانبار و لە یاسا ھەڵھاتوو (ح.م) ناسراو بە ئەبو عەلی جومەیلی والی فەلوجە دەستگیرکرا کە دەستی سوورە لە چەندین کردەوەی تیرۆریستی و دژ بەمرۆڤایەتی".

یەکێک لەو کەسانەی دەستگیرکراوە لە بەشێکی دیکەی دانپێدانانەکەیدا ئاماژە بە چالاکی چەند کەسێک دەکات بەبێ ناوهێنانیان و دەڵێت، "ئەوان پلانیان هەبوو چەند کەسێک تیرۆر بکەن کە لە شەڕی داعش بەشدار بوون، هەروەها دەیانویست چەند شوێنێک بتەقێننەوە".

یەکێکی دیکە لە تۆمەتبارەکان دان بەوەدا دەنێت کە لەگەڵ کەسێک بە ناوی (ئەنەس کوردی) ویستوویانە چەند کەسێکی دەوڵەمەند لە قەزای چەمچەماڵ بڕفێنن، ئەوەش بە مەبەستی بەدەست هێنانی پارە و دابین کردنی پارە بۆ کار و چالاکییەکانیان.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1711

Your Comment

You are replying to: .
captcha