بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ یەکخستنی لایەنە جیاوازە کوردییەکان لە سووریا لە یەک مانگی ڕابردوودا، فەڕەنسا-یش ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو شاندێکی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ڕەوتە کوردییەکانی سووریا بۆ ئەو وڵاتە ناردووە. حکوومەتی فەڕەنسا هێشتا هیچ زانیارییێکی لەوبارەوە بڵاو نەکردووەتەوە بەڵام میدیا خۆجێییەکان باس لە کۆبوونەوەی شاندی فەڕەنسی لەگەڵ دوو ڕەوتی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردانی سووریا و پارتی یەکێتیی دیموکراتیک دەکەن.
شاندی ئەمریکی و فەڕەنسی نزیک لە یەک ساڵ پێش ئێستا هەوڵی یەکخستنی دوو ڕەوتی سەرەکیی کوردانی سووریا-یان دابوو. پێشتر فەڕەنسا ژمارەیێک لە ڕەوتە کوردییەکانی سووریای بانگهێشتی پاریس کردبوو و لەسەر پرسی سووریا لەگەڵیان گفتوگۆی ئەنجام دابوو.
دکتۆر ئیگۆر دلانۆ، توێژەری پرسی فەڕەنسا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبارەی هەوڵە نوێکانی پاریس بۆ یەکخستنی کوردەکانی سووریا بە ڕۆژنامەی ئینگلیزی زمانی عەرەب نیووز-ی وتووە: فەڕەنسا دەیهەوێت بەردەوام بێت لە پڕۆسەی چارەکردنی بابەت و قەیرانەکانی سووریا. ئەم وڵاتە بەردەوامە لە پشتگیری کردنی ڕەوتە کوردییەکان و لەڕێگای یەکخستنی نێوماڵی کوردانی سووریا دەیهەوێت توانا و ئیعتیباری کوردەکان لە پڕۆسەی سیاسیی پاش قەیرانی سووریا زیاتر بکات.
ئەم شرۆڤەکارە هەروەها ئاماژە دەدات بە هەڵمەتی هەڵاتنی ژمارەیێک لە ئەندامانی داعش لە زیندانەکانی کوردستانی سووریا و جەخت دەکاتەوە ئامانجی دیکەی فەڕەنسا لە یەکخستنی کوردەکان بۆ بابەتە ئەمنییەکان دەگەڕێتەوە.
ناوبراو زیادی دەکات ژمارەیێکی زۆر لە ئەندامانی داعش کە هاووڵاتیی فەڕەنسان، لە زیندانەکانی کوردستانی سووریان و کونترۆڵ کردنی زیندانەکان لە لایەن کوردەوە و هەروەها دڵنیا بوون لە هەڵنەهاتنی ئەندامانی مەترسیداری داعش بۆ فەڕەنسا زۆر گرینگە. لەبەرامبەر کونترۆڵ کردنی زیندانییە داعشەکاندا فەڕەنسا دەیهەوێت کورەکانی سووریا بپارێزێت.
هەڵبەت دکتۆر ئیگۆر دلانۆ جەخت دەکاتەوە ئەمریکا لە چارەسەر کردنی قەیرانی سووریادا زۆر جیدی نییە بۆیەش فەڕەنسا دەیهەوێت ڕۆڵی خۆی لەمبارەوە زیاتر بنوێنێت.
توێژەرەکەی بواری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەروەها ئاماژە دەدات بە ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و فەڕەنسا و هۆشداری دەدات کە پشتگیریی کردنی فەڕەنسا لە کوردەکانی سووریا و هەوڵدان بۆ یەکخستنیان دەتوانێت کاردانەوەی پاریس بێت بە دەستوەردانەکانی تورکیا لە لیبیا؛ کە ئەمەش قووڵتر بوونی قەیرانەکان لەگەڵ ئەنقەرەی لێدەکەوێتەوە.
بەڵام سامۆئێل ڕامانی، شرۆڤەکاری دیکەی پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، هەوڵەکانی فەڕەنسا بۆ یەکخستنی کوردەکانی سووریا لە ڕابردوودا بە شکستخواردوو وەسف دەکات و جەخت دەکاتەوە هەوڵە نوێکەی فەڕەنسا سەرکەوتنی بەدواوە نییە و تەنها قووڵتربوونی قەیرانەکانی نێوان فەڕەنسا و تورکیای لێدەکەوێتەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment