بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە راگەیەندراوێكدا میران محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایگەیاندوە،"پاش وەرگرتنی بەرپرسیاریەتی لەناو یەکێتیدا بڕیارم دا لە ئەندامیەتی پەرلەمانی عێراق بکشێمەوە، بەڵام چ لەناو پەرلەمان بم یان یەکێتی خۆم بە بەرپرسیار دەزانم بەرامبەر ئەو 56 هەزار کەسەی لە هەڵبژاردنی 2018 دەنگیان پێداوم".
ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی دەشڵێت "پێشکەش کردنی دەستلەکارکێشانەوەم بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق پابەندبوونمە بە پرانسیپەکانی نەهێشتنی فرەپۆستی کە وەک رێکارێکی چاکسازی لە پەیڕەوی پەسەندکراوی یەکێتیدا ئاماژەی پێدراوە".
میران محەمەد ئاماژەی بەوەش كردوە "بەرژەوەندی و مووچەی زیاد و کۆمەڵێک ئیمتیازات رەت دەکەمەوە، بەڵام بێگومان هەرگیز دەستبەرداری تەنانەت یەک دەنگی دەنگدەرانم نابم، لە هەرکوێ بم بەئەمانەتەوە توانای خۆم دەخەمەگەڕ بۆ خزمەتی ئەوان و هەموو کورد زمانێک.
ناوبراو دەشڵێت "داواکارم لەو هەڤاڵەی کە لە پەرلەمانی عێراق جێگەی بەندە دەگرێتەوە توانای خۆی بخاتەگەڕ بۆ خزمەتی گشتی".
لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا نووسیویەتی "دەستبەرداربوون لە بەرژەوەندی ماددی و تێکەڵ بوون لە پڕۆسەی نوێ کردنەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو باوەڕەمانەوە هاتووە کە حزب و ژیانی سیاسی ئامرازە نەک مەرام، یەکێتی بەدرێژایی مێژو ئامرازی داکۆکی کردن بووە لە چین و توێژ و پرسە راستەقینەکانی کوردایەتی و ژیاندۆستی، لەوڕوەوە ئێمە ئێستا هەڵگری باوەڕ و وزەی تەواوین کە سەرکردایەتی نوێی یەکێتی دەتوانێت لەنێو کێشمەکێشی سیاسەتدا هەموو بڕیار و هەنگاوێکی دروست بۆ بەرژەوەندی گشتی هەڵگرێت و جارێکی تر پردی متمانە لەنێوان کۆمەڵانی خەڵکدا دروست بکاتەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment