پەتای کۆرۆنا سەرجەم کۆڕی یاد و بیرئانینەکانی ئەنفالی هەڵوەشاندەوە/ پەیامی وەزیری ڕۆشنبیریی هەرێم بە بۆنەی ساڵیادی ئەنفالەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وه‌زیری رۆشنبیری ‌و لاوانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ساڵیادی ئه‌نفالدا په‌یامێكی بڵاو کردەوە و گوتی بە هۆی کۆرۆناوە ئەمساڵ کۆڕەکانی یادکردنەوەی ئەنفال بەڕێوە ناچێت، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، رژێمی پێشووی عیراق نه‌یتوانی ئیراده‌‌و خه‌ونی سركی گه‌لێك ده‌سته‌مۆ بكا‌ت.

کوردپرێس:

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی وەزیری ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان:

32ساڵ له‌مه‌وبه‌ر رژێمی دیكتاتۆری به‌عس، هه‌موو توانای سه‌ربازی خۆی بۆ قڕكردنی خه‌ڵكی كوردستان له‌ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانی شۆڕشدا خسته‌گه‌ڕ، له‌و جوگرافیه‌ به‌رینه‌دا ژماره‌یه‌كی زۆری دانیشتوانی مه‌ده‌نی ده‌ستگیر كرد‌و دواتر له‌گۆڕی به‌كۆمه‌ڵدا به‌دڕندانه‌ترین شێوه‌ شه‌هیدی كردن، هه‌زاران گوندی خاپور كرد، ره‌ز‌و باخ‌و دره‌ختی سووتاند، كانی‌و كارێزو سه‌رچاوه‌كانی ئاوی كوێر كرده‌وه‌، گۆرانی‌و مه‌قام‌و رشته‌كانی دیكه‌ی هونه‌ری ئه‌و ناوچانه‌ی خنكاند، شوێنه‌واره‌كانی تێكدا‌و سڕییه‌وه‌،سروشت‌و مرۆڤ‌و ژیانی هه‌موانی پێكه‌وه‌ كوشت.

به‌ڵام نه‌یتوانی ئیراده‌‌و خه‌ونی سركی گه‌لێك ده‌سته‌مۆ بكا‌و له‌ناوی به‌رێت،هه‌ر بۆیه‌ش دوای سێ‌ ساڵ له‌و كاره‌ساته‌ گه‌وره‌یه‌، گه‌لی كوردستان به‌هاوكاری هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان راپه‌ڕی‌و سه‌رانسه‌ری نیشتمانی له‌ پۆخڵی ئه‌و رژێمه‌ دیكتاتۆره‌ پاك كرده‌وه‌.

له‌سایه‌ی په‌رله‌مان‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، ده‌ستی ئاوه‌دانی گه‌یشته‌ گونده‌ خاپور كراوه‌كان، ژیانیان بۆ گه‌ڕایه‌وه‌.

ئیدی چیرۆكه‌كانی ئه‌نفال بوونه‌ بابه‌تی رشته‌كانی هونه‌ر‌و رۆشنبیری، له‌ نێو لقی هونه‌ره‌ جوانه‌كان‌و په‌لی ئه‌ده‌ب‌و رووناكبیری ره‌نگی دایه‌وه‌، چه‌ندین به‌رهه‌می نوێ‌ له‌دایك بوون.

ساڵانه‌ له‌یادی ئه‌نفالدا، وه‌زاره‌تی رۆشنبیری‌و لاوان‌و داموده‌زگا هونه‌ری‌و كه‌لتورییه‌كانی دیكه‌، چالاكی هه‌مه‌ره‌نگیان ئه‌نجام ده‌دا‌و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ رۆحی قوربانیان ئاسوده‌ ده‌كرد.

ئه‌مساڵیش بڕیار بوو چه‌ندین چالاكی جۆرا‌و جۆر له‌ساڵیادی ئه‌نفالدا له‌سه‌رانسه‌ری هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌نجام بدرێت. بڕیاری ئه‌وه‌ش درابوو،(فیستڤاڵی فیلمی سینه‌مایی‌و دیكۆمێنتاریی جینۆساید‌و ئه‌نفال)ی نێوده‌وڵه‌تی له‌مانگی نیسان له‌ گه‌رمیان ئه‌نجام بدرێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی پشكی شێری قوربانییه‌كانی ئه‌نفال له‌و ده‌ڤه‌ره‌ خه‌باتگێڕه‌یه‌.

به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ نه‌توانرا هیچ چالاكییه‌ك ئه‌نجام بدرێ‌.

له‌م یاده‌دا دروود بۆ رۆحی پاك‌و بێگه‌ردی قوربانیانی ئه‌نفال ده‌نێرین، ئومێده‌وارین له‌داهاتوودا بتوانین كار‌و چالاكی هونه‌ری‌و رۆشنبیری باشتر ئه‌نجام بده‌ین‌و رۆحی قوربانیان ئاسووده‌ بكه‌ین.

حه‌مه‌ی حه‌مه‌ سه‌عید

وه‌زیری رۆشنبیری‌و لاوان

News Code 168337

Your Comment

You are replying to: .
captcha