دادگاى فیدراڵى ئیمتیازاته‌کانى په‌رله‌مانتارانى هه‌ڵپه‌سارد

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- دادگاى فیدراڵى له‌سه‌ر داواى حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆک وه‌زیران کارکردن به‌ یاساى ئیمتیازاته‌کانى په‌رله‌مانتارانى ڕاگرت که‌ په‌رله‌مان پێش ته‌واوبوونى کاته‌که‌ى په‌سه‌ندى کردبوو.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، وته‌بێژى فه‌رمیی دادگاى فیدراڵى له‌ به‌یاننامه‌یێکى ڕۆژنامه‌وانیدا ڕای‌گه‌یاند: ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 23ی ته‌مووز دادگاى باڵاى فیدراڵى دانیشتنى خۆى ئه‌نجام دا و تاوتوێی ئه‌و داوایه‌ى کرد که‌ حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆک وه‌زیران پێشکه‌شى کردوووه‌ بۆ تانه‌دان له‌ ماده‌کانى یاساى په‌رله‌مان و پێکهاته‌کانى ژماره‌ (١٣)ى ساڵى ٢٠١٨ که‌ داواکار داوای کردوووه‌ کارکردن به‌ ماده‌کانى ئه‌و یاسایه‌ ڕابگیرێت تا ئه‌و کاته‌ى داواکه‌ یه‌کلایی ده‌کرێته‌وه‌.

به‌یاننامه‌که‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌ش کردوووه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى داواکه‌ پشتى به‌ هۆکاره‌ یاسایییه‌کان به‌ستوووه‌ و له‌به‌ر ئه‌وه‌ى دادگاى ده‌ستوورى که‌ دادگاى فیدراڵى نوێنه‌رایه‌تى ده‌کات و‌ به ‌پشت به‌ستن به‌ حوکمه‌کانى ماده‌ى (١٥١) له‌ یاساى به‌رزکردنه‌وه‌ى مووچه‌ مه‌ده‌نییه‌کان ژماره ‌(٨٣)ى ساڵى ١٩٦٩ و به‌ ماده‌ى (٩٣) له‌ ده‌ستوور و ماده‌ى (١٥٢) له‌ یاساى به‌رزکردنه‌وه‌ى مه‌ده‌نى به‌ ڕێککه‌وتن کارکردن به‌ ماده‌ی تانه‌لێدراوه‌کانى یاساى په‌رله‌مان ڕاده‌گیرێت تا ئه‌وکاته‌ى یه‌کلا ده‌کرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌پێى ده‌ستوور.

پاش ئه‌وه‌ى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق دوێنێ یه‌کشه‌ممه 22ی ته‌مووز‌ له ‌دادگاى فیدراڵى تانه‌ى دا له‌هه‌ندێک بڕگه‌ و ماده‌ى په‌یوه‌ست به ماف و ئیمتیازاتى په‌رله‌مانتاران که‌ له‌ یاساى "ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و پێکهاته‌کانى"دا له‌ ئازارى رابردوو په‌رله‌مان به ‌شێوه‌یێکى نیمچه‌نهێنى گه‌ڵاڵه‌ى کردبوو ئه‌مڕۆ دادگاى فیدراڵى به ڕێککه‌وتنى ئه‌ندامه‌کانى بڕیاری دا به ڕاگرتنى کارکردن له ‌ماده‌ی تانه‌لێدراوه‌کان تا ئه‌وکاته‌ى چاره‌نووسى سکاڵاکه‌ى سه‌رۆک وه‌زیران یه‌کلایی ده‌کرێته‌وه‌.

خولى سێیه‌مى کۆتایی هاتووى پهرله‌مانى عێراق دوور له‌ چاوى میدیاکان و له‌ مانگى ئازاردا به ‌ئاماده‌بوونى زیاتر له‌ ٢٢٠ په‌رله‌مانتار یاسایێکى بۆ ماف و ئیمتیازاتى ئه‌ندامه‌کانى ده‌رکردوووه‌ له ‌پاش کۆتایی هاتنى ته‌مه‌نی یاسایییان که‌ ژماره‌یان ٣٢٨ که‌سه‌. ئه‌م یاسایه‌ که‌ چه‌ند ڕۆژى رابردوو له‌لایه‌ن فوئاد مه‌عسوومه‌وه‌ کرا به‌ مه‌رسوومى کۆمارى بوووه‌ته‌ به‌شێک له‌ هۆکارى ئاڵۆزکردنى دۆسیه‌ى خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌کانى دژ به‌ گه‌نده‌ڵى چوونکه‌ به‌ لاى ناڕازییه‌کانه‌وه‌ په‌ره‌سه‌ندنێکى نوێیه‌ له‌ ته‌رخان کردنى داهات و سامانى وڵات بۆ ده‌سته‌بژێرێکى دیاریکراو له‌ کاتێکدا زۆرینه‌ى خه‌ڵک له‌ کوله‌مه‌رگیدا ده‌ژین.

بۆ ڕێگرتن له‌ په‌ره‌سه‌ندنى زیاترى ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییانه‌ش حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆک وه‌زیران ڕه‌تکردنه‌وه‌ى یاساکه‌ى راگه‌یاندوووه‌ و تانه‌ى پێشکه‌ش به‌ دادگاى فیدراڵى کرد چوونکه‌ به‌ قسه‌ى ئه‌و یاساکه‌ بارگرانى داراییی زیاتر بۆ حکوومه‌ت دروست ده‌کات به ‌بێ ئه‌وه‌ى پرسى پێ کرابێت بۆ گه‌ڵاڵه‌کردنى.

سه‌رچاوه‌: ئێن ئاڕتی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16795

Your Comment

You are replying to: .
captcha