١٨ تەمووز ٢٠١٨ - ١١:٢٢
فه‌رهاد پیرباڵ ئازاد کرا

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- فه‌رهاد پیرباڵ نووسه‌ر و مامۆستای زانکۆ که‌ له‌لایه‌ن پۆلیسی هه‌ولێره‌وه‌ ده‌ستگیر کرابوو له‌ زیندان ئازاد کرا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 17ی ته‌مووز فه‌رهاد پیرباڵ نووسه‌ر و مامۆستای زانکۆ له‌ زیندان ئازاد کرا و ڕای‌گه‌یاند: "دوو کاتژمێره‌ له‌ زیندان ئازاد کراوم و له‌ ئێستادا ته‌ندروستیم باش نییه‌."

فه‌رهاد پیرباڵ ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: "له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا له‌ زیندان ته‌ندروستیم زۆر خراپ بوووه‌ هه‌ر بۆیه‌ ئێستاش ته‌ندروستیم ناجێگیره‌."

ناوبراو باسی له‌وه‌ش کرد "له‌لایه‌ن پۆلیسی هه‌ولێره‌وه‌ به‌ هیچ جۆرێک ئه‌شکه‌نجه‌ و ئازاری جه‌سته‌یی نه‌دراوم به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ زینداندا بووم ته‌ندروستیم باش نه‌بووه‌."

پیرباڵ ئه‌وه‌شی ئاشکرا کرد: "له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستگیرکردنمدا له‌ ژوورێکی تاکه‌که‌سی بووم و چه‌ند جارێک داوای پزیشک و پارێزه‌رم کردوووه‌ به‌ڵام به‌ده‌م داواکارییه‌کانمه‌وه‌ نه‌هاتوون."

فه‌رهاد پیرباڵ نووسه‌ر و ڕۆماننووسی کورد له‌ ١١ی ئازاری 2018 له‌لایه‌ن پۆلیسی هه‌ولێره‌وه و به‌پێی مادده‌ی ٢٢٦ له‌ یاسای سزادانی له‌سه‌ر فه‌رمانی دادوه‌ری گشتی ده‌ستبه‌سه‌ر کرا.

دوای ده‌ستگیرکردنه‌که‌شی کاردانه‌وه‌ی چالاکانی مه‌ده‌نی و رۆشنبیرانی لێکه‌وته‌وه و‌ داوایان کرد ئازاد بکرێت و چه‌ندین جاریش ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاو بوویه‌وه‌ فه‌رهاد پیرباڵ له‌ زینداندا ته‌ندروستیی باش نییه‌.

فه‌رھاد پیرباڵ نووسه‌ر و مامۆستای زانکۆ له‌ ساڵی ١٩٦١ له‌ ھه‌ولێر له‌دایک بوووه‌، خاوه‌نی زیاتر له‌ ٧٠ کتێب و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌ بواره‌کانی مێژوو و ئه‌ده‌ب و سیاسه‌تدا.

سه‌رچاوه‌: ئێن ئاڕتی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16636

Your Comment

You are replying to: .
captcha