ئارێز عه‌بدوڵڵا ڕه‌تی ده‌کاته‌وه‌ ده‌ستی وڵاتانی هه‌رێمی له ‌پشت خۆپیشاندانه‌کانی عێراقه‌وه‌ بن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئارێز عه‌بدوڵڵا ڕه‌تی ده‌کاته‌وه‌ ده‌ستی وڵاتانی هه‌رێمی له ‌پشت خۆپیشاندانه‌کانی عێراقه‌وه‌ بن و هۆکاری خۆپیشاندانی ئه‌مدواییه‌ی شاره‌کانی عێراق به‌ له‌خۆبایی بوونی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق وه‌سف ده‌کات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئارێز عه‌بدوڵڵا سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی عێراق و ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی یه‌كێتی له‌ میانه‌ی گفتوگۆیێكی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌باره‌ی خۆپیشاندانه‌كانی به‌شێک له‌ شاره‌كانی باشووری عێراق ده‌ڵێت: "هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕووی خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ له‌ عێراق له‌پێشتره‌ و حكوومه‌تی عێراقیش له‌ حكوومه‌تی هه‌رێم كه‌مته‌رخه‌متره‌ و هۆكاری ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی شاره‌كانی باشووری عێراق له‌خۆبایی بوونی حكوومه‌تی عێراق به‌تایبه‌ت حه‌یده‌ر عه‌بادیه‌ كه ‌له ‌دوای شه‌ڕی داعش و گرتنه‌وه‌ی كه‌ركووک حكوومه‌تی عێراق سوار شه‌پۆلی سه‌ركه‌وتن بوووه.

ناوبراو ڕه‌تیشی ده‌كاته‌وه‌ وڵاتانی هه‌رێمی له ‌پشت ئه‌و خۆپیشاندانانه‌وه‌ بن و ده‌ڵێت: "به ‌ته‌نها حكوومه‌تی عێراق خۆی له ‌پشت خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌یه‌ و هۆكاری سه‌ره‌كییه‌ و پێشبینیشی ده‌كات ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی یا په‌له ‌بكرێت له ‌پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق یا ببێته‌ هۆی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن."

ئارێز عه‌بدوڵڵا سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی عێراق وتیشی: "خۆپیشاندانه‌كانی شاره‌كانی باشووری عێراق بۆ داخوازیی كاره‌با و خزمه‌تگوزارییه و ئێمه‌ به ‌هه‌موو شێوه‌یێک پشتیوانی لێده‌كه‌ین و له‌سه‌ر حكوومه‌ته‌ داخوازی خه‌ڵک جێبه‌جێ بكات."

ئارێز عه‌بدوڵڵا ئاماژه‌ی به‌ هۆكاری خۆپیشاندانه‌كان كرد و گوتی: "دوای ئه‌وه‌ی به‌ سه‌ر داعشدا سه‌ركه‌وتین و‌ حكوومه‌تی عێراق كه‌ركووكی گرته‌وه‌ حكوومه‌ت زۆر له‌خۆی بایی بوووه‌ به‌تایبه‌ت حه‌یده‌ر عه‌بادی و ئه‌مه‌ وای كرد حكوومه‌ت خزمه‌تگوزارییه‌كان پشت گوێ بخات و‌ سواری شه‌پۆلێكی سه‌ركه‌وتن ببێت له‌ كاتێكدا سه‌ركه‌وتن به‌ سه‌ر داعشدا به‌ ته‌نها به‌س نیه‌، پێش ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ش خه‌ڵک هه‌ر ناڕازی بوو به‌تایبه‌ت به‌شداری كردنی ئه‌و ڕێژه‌ كه‌مه‌ له هه‌ڵبژاردنه‌كان له ‌به‌غداد و شاره‌كانی باشوور ده‌ریخست كه ‌خه‌ڵک نه‌ک له‌ حكوومه‌تی عێراقی به‌ڵكوو له‌ سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كه‌ش ناڕازییه‌."

سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی عێراق كه‌ هاوكات ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی یه‌كێتیشه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد: "ڕاسته‌ خۆپیشاندان له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌بوووه‌ و هه‌یه و‌ داواكاریی خه‌ڵک ڕه‌وایه‌ و هه‌میشه‌ پشتیوانی له‌ داواكاری و خۆپیشاندانی خه‌ڵک ده‌كه‌ین كه‌ به‌ شێوازی یاسایی ئه‌نجام بدرێت به‌ڵام داواكاریی خه‌ڵكی خۆپیشانده‌ری شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق زۆر زیاتره و‌ حکوومه‌تی عێراقیش زۆر له‌ حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ جێبه‌جێ كردنی داواكاریی خه‌ڵک كه‌مته‌رخه‌متره‌."

هاوكات ڕه‌تیشی كرده‌وه‌ كورده‌كان ترسیان له‌وه‌ هه‌بێت پریشكی خۆپیشاندانه‌كان به‌ر هه‌رێمی كوردستان بكه‌وێت و وتی: "نا من نازانم، بۆ ترسمان هه‌بێت هه‌ركات خه‌ڵک داواكاری هه‌بوو مافی خۆیه‌تی داواكارییه‌كانی به ‌شێوازی یاسایی و ئاشتیانه‌ بكات."

ئارێز عه‌بدوڵڵا گوتیشی: "ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ یا ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان په‌له‌ بكه‌ن له‌ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق یاخود ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ دوابكه‌وێت و‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژادنیش پووچه‌ڵ بكرێته‌وه."

ناوبراو ڕاشیگه‌یاند: "پێویسته‌ داواكاریی خه‌ڵک ده‌ستبه‌جێ جێبه‌جێ بكرێت. شارێكی وه‌ک به‌سره‌ كه‌ ڕۆژانه‌ ملیۆنێک به‌رمیل نه‌وتی لێده‌ڕواته‌ ده‌ر به‌ڵام خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ ده‌ست برسێتی و بێكاری و بێ خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن و من وه‌ک خۆم هاوسۆزم له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی به‌سره‌ و خۆپیشانده‌رانی شاره‌كانی عێراق."

سه‌باره‌ت به‌و قسانه‌ی ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی كوردی تاقی بكرێته‌وه‌ كێشه‌ی هاووڵاتییانی عێراقی چاره‌سه‌ر ده‌كرێت؟ ئارێز عه‌بدوڵڵا وتی: "شتی وا نابێت، نه ‌ده‌سه‌ڵات ده‌درێته‌ كورد نه‌ پێویست ده‌كات ده‌سه‌ڵات بده‌نه‌ ده‌ست حكوومه‌تی هه‌رێم به‌ڵكوو به‌ بۆچوونی من پێویسته‌ سیسته‌می فیدراڵی جێبه‌جێ بكرێت و به‌سره‌ ببێته‌ هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ و له ‌كوردستانیش خه‌ڵک داواكاری هه‌یه‌ به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان له ‌ڕووی خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ له‌پێشتره‌ وه‌ک له ‌عێراق."

ئارێز عه‌بدوڵڵا ڕه‌تی کرده‌وه‌ ده‌ستی وڵاتانی هه‌رێمی له ‌پشت ئه‌و خۆپیشاندانانه‌وه‌ی عێراقه‌وه‌ بن و ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد: "حكوومه‌تی عێراقی له ‌پشت ئه‌و خۆپیشاندانانه‌وه‌یه‌ و هیچ پێویست ناكات په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ هیچ وڵاتێكی ده‌ره‌كی درێژ بكرێت به ‌ته‌نها حكوومه‌تی عێراقی و ئه‌و سیسته‌مه‌ حكومڕانیه‌ هۆكاری سه‌ره‌كییه‌."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16597

Your Comment

You are replying to: .
captcha