کوردپرێس: هەفتەیێک پێش ئێستا خۆپیشاندان لە بەسرە بۆ باشترکردنی رەوشی خزمەتگوزاری، دابینکردنی هەلی کار و نەهێشتنی گەندەڵی لە پارێزگای بەسرە دەستیپێکرد و دواتر چەند پارێزگایەکی دیکەی گرتەوە و تائێستا لە پارێزگاکانی زیقار، میسان، واست، نەجەف، کەربەلا، بابل و بەغدا خۆپیشاندان ئەنجامدراون.
سەرەڕای رێگرییەکانی هێزە ئەمنییەکان و تەقەکردن بەسەر خۆپیشاندەران، خۆپیشاندەرانی بەسرە بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە خۆیان گەیاندە بەردەم ئەنجوومەنی پارێزگاکە و درووشمی نەخێر بۆ گەندەڵی و بەڵێ بۆ چاکسازی دەڵێنەوە.
بەڵام بەگوتەی یەکێک لە خۆپیشاندەرانی ناسریە "باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگا چۆڵ کراوە، خۆپیشاندەرانیش چواردەوری ئەنجوومەنەکەیان داوە، گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروست بووە و 20 خۆپیشاندەر بریندار بوون".
نەجەف: وەزیری ناوخۆ بەڕێوەبەری پۆلیسی لەکار لادا
میقداد موسەوی، گوتەبێژی پۆلیسی نەجەف رایگەیاند: "قاسم ئەعرەجی، وەزیری ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ فەرمانی دا بە لەکارلادانی عەمید ماجد کازم، بەڕێوەبەری پۆلیسی نەجەف، ئەمەش بەهۆی ئەو خۆپیشاندانە فراوانەی لە شاری نەجەف ئەنجامدراون".
بەغدا: هێزێکی ئەمنیی زۆر خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە
لەبەغدا ئەمڕۆ خۆپیشاندان ئەنجامنەدراوە، ئەمڕۆ تائێستا لە بەغدا خۆپیشاندان نەکراوە، بەڵام لە هەموو شەقام و گەڕەکەکان هێزە ئەمنییەکان دەبینرێن و خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، دوێنێش خۆپیشاندانێک لە بەغدا ئەنجامدرا، بەڵام ژمارەیان کەم بوو و خۆپیشاندەران تەنیا بۆ پشتگیری کردنی داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانی بەسرە هاتبوونە سەر شەقام".
سەرچاوە: ڕووداو
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment