وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای پێکهێنانی حکوومەتێکی هاوسەنگ دەکات لە عێراقدا

بەشی جیهان- وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، واشنتۆن سەرۆک وەزیران و سەرجەم سەرکردەکانی دیکەی عێراق هان دەدات بەپەلە کار بکەن بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی هاوسەنگ کە ئاماژە بێت بۆ ئیرادەی سەرجەم تاکەکانی گەلی عێراق.

کوردپرێس:

هیزەر ناورت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، مایک پۆمپیۆ لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆ بووەتەوە و پۆمپیۆ جەختی کردووەتەوە لە پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ گەلی عێراق لە شەڕی هاوبەشیان لە دژی داعش.

هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەمریکا خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە بە داخوازی عێراق بۆ پشتیوانیکردنی زیاتری ناتۆ بۆ عێراق لەڕێگەی نوێنەرانی ناتۆوە کە بۆ ڕاهێنان لە عێراق ماونەتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، وەزیری دەرەوە پشتیوانیی خۆی دەربڕیوە بۆ هاریکاری بەهێزی نێوان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بە هێزەکانی پێشمەرگەشەوە، لە شەڕی بەردەوامیان لە دژی داعش، هەروەها ستایشی هەوڵەکانی حکوومەتی عێراقی کردووە لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی دەرەوەی بۆ پاراستنی سنوور و سەروەری وڵاتەکەی.

لە کۆتایی بەیاننامە ڕۆژنامەوانییەکەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوە کراوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە هەوڵەکانی ئەم دواییە کردووە کە لەپێناو پاراستنی نەزاهەتی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکە ئەنجام دراوە، هاوکات سەرۆک وەزیران و سەرجەم سەرکردە عێراقییەکانی هان داوە بۆ ئەوەی بەپەلە کار لەسەر پێکهێنانی حکوومەتێکی هاوسەنگ بکەن کە ئاماژە بێت بۆ ئیرادەی سەرجە تاکەکانی گەلی عێراق.

ئەوە لەکاتێکدایە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی برۆکسلی کرد بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لە پەراوێزی سەردانەکەیدا عەبادی لەگەڵ ژمارەیێک لە لێپرسراوانی ناتۆ و چەند دەوڵەتێکی دیکەدا کۆ بووەوە، بەمەبەستی هەماهەنگیی زیاتر لە شەڕی دژی داعش و ڕێگریکردن لەوەی جارێکیتر چەکدارانی داعش بتوانن جموجوڵەکانیان وەک ڕابردوو دەست پێبکەنەوە.

*لە تەلەڤزیۆنی ئێن ئاڕ تی وەرگیراوە

News Code 16505

Your Comment

You are replying to: .
captcha