ئه‌مریكا داوای یه‌کخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ ده‌کات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌مریكا و وڵاتانی هاوپه‌یمان داوا ده‌كه‌ن سه‌رجه‌م هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ یه‌ک بخرێن و له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه‌ یه‌ک فه‌رمانیان هه‌بێت و به‌رپرسێكی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش ئاشكرای ده‌كات "تا ئێستا لیوایێكی ئه‌و هێزانه‌ی هه‌ڵوه‌شابوونه‌وه‌ تێكه‌ڵ نه‌كراونه‌ته‌وه‌".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، لیوا قاره‌مان شێخ كه‌مال جێگری سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌ركان بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ڕای‌گه‌یاند: "ئه‌و لیوا هاوبه‌شانه‌ی به‌هۆی ڕووداوه‌كانی 16ی 10ی 2017وه‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ ژماره‌یان 8 لیوا بوو، دوای هه‌وڵه‌كانیش له ‌ئێستادا كاره‌كانی یه‌كخستنه‌وه‌ی 7 لیوایان كۆتایی هاتوووه‌ و ته‌نها یه‌ک لیوای (نۆ) ماوه‌ كه‌ تێكه‌ڵ بكرێته‌وه‌".

ناوبراو وتیشی: "له‌سه‌ر ئالیه‌تی شوێن، تێكه‌ڵ كردنه‌وه‌ی ئه‌و لیوایه‌ په‌كی كه‌وتوووه‌ ئه‌گه‌رنا كێشه‌ له‌سه‌ر خاڵه‌كانی تێكه‌ڵ كردنه‌وه‌ی نییه‌".

به‌رپرسه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئاماژه‌ی به ‌داواكاریی ئه‌مریكا كرد بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزه‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌كان و ڕه‌تیشی كرده‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ڕاگرتنی هاوكارییه‌كانیان به‌و هۆیه‌وه‌ كردبێت.

لیوا قاره‌مان شێخ که‌ماڵ ده‌شڵێت: "ئه‌مریكا و وڵاتانی هاوپه‌یمان داوایان لێكردووین كه‌ لیواكان تێكه‌ڵ بكه‌ینه‌وه‌ و سه‌رجه‌میان یه‌ک بخه‌ینه‌وه‌ و ده‌یانه‌وێت هه‌موو هێزی پێشمه‌رگه‌ یه‌كگرتوو بێت و یه‌ک فه‌رمانیان له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه‌ هه‌بێت و ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ به‌رنامه‌ سه‌ره‌كییه‌كانیان و پڕۆژه‌یان بۆی هه‌یه‌".

سه‌رچاوه‌: تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی (SNN)

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16372

Your Comment

You are replying to: .
captcha