تورکمانه‌کان سه‌ر به‌ تورکیان و دژ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ن

به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئازاد جه‌باری سه‌رۆکی لیژنه‌ی ئه‌منیی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ کوردپرێس کردوووه‌ و تێیدا ڕه‌خنه‌ی توند له‌ تورکمانه‌کانی که‌رکووک ده‌گرێت و ده‌ڵێت په‌یڕه‌وی سیاسه‌تی تورکیان و یه‌که‌م ڕێگرن له‌ به‌رانبه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ که‌رکووک و ده‌شڵێت: داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ که‌رکووک به‌ فه‌رمی ته‌سلیمی نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان و به‌رپرسانی ڕه‌سمیی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ند کراوه‌.

کوردپرێس- دۆخی ئه‌منیی که‌رکووک و ناوچه‌ جێناکۆکه‌کانی عێراق سێبه‌ری خستۆته‌ سه‌ر ساحه‌ی سیاسیی عێراق ئه‌وه‌ش له‌ کاتێکدایه‌ پاش کۆتایی هاتنی خولی سێهه‌می په‌رله‌مان ئه‌و وڵاته‌ پێی ناوه‌ته‌ بۆشاییی یاسایییه‌وه‌ و تا ئه‌م کاته‌ش ئاسۆیێکی ڕوون بۆ پێکهێنانی ده‌وڵه‌ت له‌ ئاینده‌یێکی نزیکدا به‌دی ناکرێت.

له‌ که‌رکووک و به‌ تایبه‌ت له‌ باشووری ئه‌و پارێزگایه‌ جووڵه‌ی داعش زیادی کردوووه‌ و ته‌قینه‌وه‌ی خۆکوژی و ڕفاندن و کوشتنی خه‌ڵکی مه‌ده‌نی له‌ ناوچه‌ جۆربه‌جۆره‌کانی که‌رکووک زیادی کردوووه‌ و ئه‌وه‌ش نیگه‌رانیی هاووڵاتییان و قه‌باره‌ سیاسییه‌ جۆربه‌جۆره‌کان و ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تی ناوه‌ند و مه‌رجه‌عه‌ ئایینییه‌کانی عێراق لێکه‌وتۆته‌وه‌. له‌و نێوانه‌شدا کورد و حیزب و شه‌خسییه‌ته‌ سیاسییه‌ کوردستانییه‌کان له‌ که‌رکووک و هه‌رێمی کوردستان تۆمه‌تی ئه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ پاڵ هێزه‌کانی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ند که‌ ناتوانن ئاسایش و دۆخی ئه‌منیی که‌رکووک بپارێزن و داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ و ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان و پێکهێنانی ژووری عه‌مه‌لیاتی هاوبه‌ش ده‌که‌ن.

ئازاد جه‌باری له‌باره‌ی دۆخی ئه‌منیی که‌رکووکه‌وه‌ به‌ کوردپرێسی ڕاگه‌یاندوووه‌: ئه‌م وه‌زعه‌ هۆکاره‌که‌ی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و هێزانه‌ی ئه‌رکی پاراستنی که‌رکووکیان له‌سه‌ر شانه‌ ته‌جروبه‌ی ته‌واویان نییه‌ بۆیه‌ وه‌زعی شاره‌که‌ زۆر باش نییه‌ و ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ ڕوو ده‌ده‌ن و خه‌ڵکی مه‌ده‌نی و ژن و منداڵ ده‌کرێنه‌ قوربانی بۆیه‌ ده‌بێت کۆنتڕۆڵی ئه‌و وه‌زعه‌ بکرێت و پێش ئه‌وه‌ی ته‌قینه‌وه‌ ببێت ده‌بێ که‌شف بکرێت.

ناوبراو ڕه‌خنه‌ی له‌ هێزی ئه‌منیی سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵ له‌ که‌رکووک گرت و زیادی کرد: پووچه‌ڵ کردنه‌وه‌ی پیلانی تیرۆریستی و ته‌قینه‌وه‌ پێش ڕوودانی ڕووداوه‌کان له‌ هه‌موو عاله‌م سیسته‌می نوێی ئه‌منییه‌؛ بۆیه‌ ده‌بێت سیسته‌می ئه‌منی و نیزامیی که‌رکووکیش وابێت هه‌رچه‌ند که‌ داعشیش له‌ سنووره‌که‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ خوارووی که‌رکووک و حه‌ویجه‌ که‌ هه‌ڵده‌کوتنه‌ سه‌ر برا کاکه‌یییه‌کان و به‌نیازن هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ به‌ دانیشتوانی ناوچه‌که‌ چۆڵ بکه‌ن و بێن بۆ لای ژووری که‌رکووک.

سه‌رۆکی لیژنه‌ی ئه‌منیی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک له‌باره‌ی ئاستی جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش له‌ ناوچه‌که‌ به‌ هه‌واڵنێری کوردپرێسی وت: به‌ قه‌ناعه‌تی من داعش کۆتایی هاتوووه‌. واتا له‌ ڕووی عه‌سکه‌ری و ڕامیاری و ئابوورییه‌وه‌ داعش نه‌ماوه‌ و له‌سه‌دا 90ی ئه‌و ڕه‌هه‌ندانه‌ی له‌ده‌ست داوه‌ و له‌ ڕووی لۆجستییه‌وه‌ ناتوانێت جووڵه‌یێکی ئه‌وتۆ بکات. شانه‌ نوستوووه‌کانی داعش له‌و ده‌مه‌یدا من سه‌رۆکی لیژنه‌ی ئه‌منی بووم که‌شف ده‌کران.

ئازاد جه‌باری له‌باره‌ی که‌شف‌کران و تێکشکاندنی شانه‌ نوستوووه‌کانی داعش زیادی کرد: له‌و کاته‌یدا من سه‌رۆکی لیژنه‌ی ئه‌منی بووم له‌ سه‌د لاوه‌ هه‌واڵ و زانیاریمان پێده‌گه‌یشت و ئێمه‌یش له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی ئه‌منی و ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ تاوتوێمان ده‌کرد و ئه‌و شانه‌ نوستوووانه‌ ده‌گیران بۆیه‌ ئێمه‌ نزیکه‌ی 500 بۆ 600 شانه‌ی نوستوومان ده‌ستگیر کردوووه‌ و هه‌موو ئه‌و هێرشانه‌ی داعش کردوویه‌تی له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ کۆنتڕۆڵ کراوه‌ ئه‌گینا که‌رکووکیش وه‌کوو دیاله‌ و تکریت و سامه‌ڕا و دیکه‌ی شوێنه‌کان داگیر ده‌کرا.

سه‌رۆکی لیژنه‌ی ئه‌منیی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک گوتیشی: ڕه‌خنه‌یان له‌ بێ‌ئه‌زموونیی هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی که‌رکووک و هێرش و جموجۆڵه‌کانی داعش هه‌یه‌.

ناوبراو گوتیشی: له‌ 2003وه‌ ته‌جروبه‌ی پێشمه‌رگه‌ ئه‌زموونێکی گه‌وره‌ بوووه‌. ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت غورفه‌ی عه‌مه‌لیاتی هاوبه‌ش هه‌بێت بۆیه‌ ده‌بێت پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش بگه‌ڕێنه‌وه‌ و زانیاری و هه‌واڵگرییه‌کان بگرێن به‌ده‌ست ئاسایشه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان خاوه‌ن ئه‌زموونن و ئێمه‌ خۆمان خه‌ڵکی که‌رکووکین و زۆر جار که‌ هه‌ڵبژاردن کراوه‌ له‌ که‌رکووک کورد زۆرینه‌ بوووه‌.

ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک ڕه‌خنه‌ی له‌وه‌ش گرت که‌ بۆچی ده‌بێت نیوه‌ی ئاسایشی که‌رکووک به‌ده‌ست کورده‌وه‌ بێت و نیوه‌ی دیکه‌ی هێزی عێراقی و هێزی ئه‌مریکی بێت. ئێمه‌ لاریمان له‌وه‌ نییه‌ که‌ که‌رکووک به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ و هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌ بچێت.

ئازاد جه‌باری ئه‌و پرسیاره‌ش بۆ کوردپرێس وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌ که‌ ئه‌گه‌ر بۆ نموونه‌ شه‌ش مانگی دیکه‌ داعش سه‌رهه‌ڵبداته‌وه‌ و به‌قوه‌ت بێت کۆنتڕۆڵ‌کرانی ته‌نها به‌ به‌شداریی پێشمه‌رگه‌ ده‌کرێت.

ناوبراو به‌ هه‌واڵنێری کوردپرێسی وت: به‌ فه‌رمی داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ ته‌سلیم کراوه‌ به‌ حکوومه‌تی ناوه‌ند و به‌ یان کۆبیچمان وتوووه‌ که‌ بیگه‌یێنێته‌ سه‌ر قیاده‌ی عێراقی که‌ وه‌زعی ئه‌منیی که‌رکووک به‌ بێ پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش به‌ڕێوه‌ ناچێت و وه‌زعه‌که‌ به‌ره‌و خراپتر ده‌ڕوات و مه‌ترسیی بووژاندنه‌وه‌ی داعش هه‌یه‌ به‌ڵام قیاده‌ی عێراقی هه‌ندێک جار ڕازی بوووه‌ و هه‌ندێک جاریش بیرۆکه‌ی شۆڤینی ڕێگه‌ نادات ئه‌و داواکارییانه‌ سه‌ر بگرێت بۆ نموونه‌ تورکمانه‌کان و عه‌ره‌به‌ سوننه‌کان ڕێگر بوون له‌و بابه‌ته‌.

ئازاد جه‌باری ده‌شڵێت: هه‌ڵوێستی عه‌ره‌به‌کان له‌ چاو تورکمانه‌کان باشتره‌ چوونکه‌ تورکمانه‌کان پاشماوه‌ی تورکیان و ژماره‌یان که‌مه‌ و به‌نیازن به‌ که‌یفی خۆیان ژماره‌یان زیاد بکه‌ن و په‌یڕه‌وی سیاسه‌ته‌کانی تورکیان له‌ هه‌ریمی کوردستان.

ناوبراو له‌باره‌ی هه‌واڵی پێکهێنانی باڵی سه‌ربازی له‌لایه‌ن تورکمانه‌کانه‌وه‌ به‌ کوردپرێسی وت: ئه‌و هێزانه‌ سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبین و ئه‌گه‌رچی ئه‌و هێزه‌ به‌ فه‌رمی له‌ ڕیزی قواتی موسه‌له‌حه‌ی عێراقیدایه‌ و له‌ په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ر دراوه‌ به‌ڵام له‌ هه‌ر وڵاتێکدا میلیشیا پشتگیریی لایه‌نێکی سیاسی کرد ئه‌وا ئاسایشی ئه‌و وڵاته‌ تێک ده‌چێت و شه‌ڕی ناوخۆ سه‌رهه‌ڵده‌دات. حه‌شدی شه‌عبیش مه‌وقفی باشی به‌رانبه‌ر به‌ کورد نه‌بوووه‌.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

داگرتن و داڕشتنه‌وه‌: به‌شی کوردیی هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16256

Your Comment

You are replying to: .
captcha