کوردپرێس:
ئەمریکا و تورکیا ڕۆژی 4ی حوزەیران ڕێککەوتن لە سەر ئەوەی نەخشەڕێگای هاوبەش بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە و بەو پێیەش دەبێت هێزی کوردی سووریا ناسراو بە یەپەگە مەنبەج چۆڵ بکات.
بەرپرسانی تورکیا وتوویانە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە نەک هەر هێزی کوردی سووریا مەنبەج چۆڵ دەکات بەڵکوو دەبێت ئەو چەکانەی ئەمریکا پێی داوە ڕادەستی بکاتەوە.
ڕۆژنامەی واشەنتۆن تایمز لە ڕاپۆرتێکدا تیشکی خستۆتە سەر مۆناقەشەی نێوان ئەمریکا و تورکیا لە سەر فرشتنی فڕۆکەی ئێف 35 بەو وڵاتە و نووسیویەتی: ئەمریکا هەوڵ دەدات ناکۆکییەکانی نێوان واشەنتۆن و ئەنقەرە کەم بکاتەوە و لەو پێناوەشدا لەگەڵ تورکیا ڕێککەوتووە لە سەر ئەوەی هێزی کوردی سووریا مەنبەج چۆڵ بکات و دەورییەکانی ئەو دوو وڵاتە لە ناوچەکەدا دەسووڕێنەوە.
لە هەمان کاتدا میدیاکان هەواڵی سەردانی دوو سناتۆری ئەمریکی بۆ مەنبەجیان بڵاو کردۆتەوە و بەپێی ئەو هەواڵانە کونگرێسمان لیندسی گراهام بەڵێنی بە کورد داوە کە گەڕایەوە ئەمریکا قەناعەت بە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەو وڵاتە بهێنێت کە هێزی ئەمریکی لە ناوچەی ژێرکونتڕۆڵی کوردی سووریا نەباتە دەرەوە.
Your Comment