سەرۆککۆماری عێراق: هێرشی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر کارێکی تیرۆریستییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرھەم ساڵح لەبارەی ھێرشەکەی سەر  فڕۆکەخانەی ھەولێر پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێویستە تواناکان یەکخرێن بە ئاڕاستەی پشتیوانی لەھێزە ئەمنییەکان تاوەکوو سەروەریی یاسا بسەپێنن.

کوردپرێس:

بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە پەیامێکدا لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر رایگەیاند، "دوبارەبوونەوەی بەئامانجگرتنی ھەولێر، پێشتریش بەغدا و ناوچەکانی دیکە، کارێکی تیرۆریستییە، بەئامانجگرتنی ئاسایشی ھاووڵاتییان و رێگریکردن لە ھەوڵە نیشتمانییەکان بۆ پاراستنی ئارامی و سەروەریی وڵات بەتووندی سەرکۆنەی دەکەین".

ئاماژەی بەوەش کردووە، پێویستە تواناکان یەکخرێن بە ئاڕاستەی پشتیوانی لەھێزە ئەمنییەکان تاوەکوو سەروەری یاسا بسەپێنن و ھاووڵاتیان بپارێزن و تیرۆر و دەرچووان لە یاسا ریشەکێش بکەن.

شایانی باسە پاش ئەوەی شەوی چوارشەمە 14ی نیسانی 2021 بە مووشەک هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچونی دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ هۆکاری تەقینەوەی ئەمشەوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، دەرکەوت هێرشەکە لەڕێگەی درۆنی TNT کراو بوە و ئاراستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان کراوە لەناو فڕۆکەخانە".

ئەوەش خراوەتە ڕوو، "خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نییە و تەنیا زیانی ماددی بەر باڵاخانەیەک کەوتوە، لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن بۆ دیاریکردنی سەرچاوە و شوێنی هاتنی درۆنەکە".

News Code 1622

Your Comment

You are replying to: .
captcha