فوئاد مه‌عسووم: ده‌بێ حیزبه‌ عێراقییه‌کان ئه‌نجامی جیاکردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان به‌ ده‌ست قبووڵ بکه‌ن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆک کۆماری عێراق داوا ده‌کات لایه‌نه‌کان ئه‌نجامی به‌ ده‌ست جیاکردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان قبووڵ بکه‌ن و هاوکات بانگهێشتی لایه‌نه‌کان ده‌کات بۆ کۆبوونه‌وه‌یێکی فراوان.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا به ‌بۆنه‌ی کۆتایی هاتنی ته‌مه‌نی یاساییی خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی عێراق فوئاد مه‌عسووم سه‌رۆککۆماری عێراق ڕای‌گه‌یاند: "گه‌رمترین سوپاس و پێزانین ئاراسته‌ی هه‌موو ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تیی ده‌کات له‌ پای هه‌موو هه‌وڵ و کۆششه‌ به‌رچاوه‌کانیان و ئه‌و خزمه‌تانه‌ی که‌ پێشکه‌شیان کردوووه‌ له‌پێناو خزمه‌تکردنی گه‌ل و نیشتمانه‌که‌یان له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا."

سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری عێراق کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان هان ده‌دات هه‌وڵه‌کانی بخاته‌گه‌ڕ بۆ ته‌واو کردنی ڕێوشوێنه‌ یاسایییه‌کانی بۆ ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی کۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌کان.

فوئاد مه‌عسووم داوا له‌ هێزه‌ سیاسییه‌کان و هاووڵاتییان ده‌کات "به‌وپه‌ڕی وریایییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ بکه‌ن به‌ پله‌ی به‌رزه‌ و پابه‌ندی هه‌ست کردن به‌ لێپرسراوێتیی بن بۆ به‌ دوورگرتنی وڵات له‌ هه‌ر کێشه‌ یان قه‌یرانێک له‌م ماوه‌یه‌دا تاوه‌کوو ئه‌نجامی کۆتاییی هه‌ڵبژاردنه‌کان راده‌گه‌یه‌نرێت و دادگای فیدراڵیی په‌سندی ده‌کات بۆ خۆشکردنی زه‌مینه‌ی ده‌ستبه‌جێ ده‌ست به‌کاربوونی خولی چواره‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵات و ئه‌رکه‌ ده‌ستورییه‌کانی".

سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری به‌ ده‌ست جیاکردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان سه‌رۆکایه‌تیی کۆمار داوا له‌ کوتله‌ سیاسییه‌کان ده‌کات "ئه‌نجامی به‌ ده‌ست جیاکردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان په‌سه‌ند بکه‌ن که‌ دادگای فیدراڵی بڕیاری له‌سه‌ر داوه‌. پێویستیی پابه‌ندبوونی هه‌موو کوتله‌ سیاسییه‌کانیش دووپات ده‌کاته‌وه‌ به‌ واده‌ ده‌ستوورییه‌کانی تایبه‌ت به‌ دانیشتنی یه‌که‌می په‌رله‌مان بۆ زامن کردنی ئه‌رکی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆککۆمار و دواتریش راسپاردنی کاندیدای گه‌وره‌ترین فراکسیۆن بۆ پێکهێنانی حکوومه‌ت، له‌و ماوه‌یه‌ی که‌ ده‌ستوور بڕیاری له‌باره‌وه‌ داوه‌.

له‌ به‌یاننامه‌که‌دا سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری عێراق داوا له‌ کوتله‌ سه‌ره‌کییه‌کان ده‌کات بۆ کۆبوونه‌وه‌یێک له‌ ڕۆژانی داهاتوودا "به‌ مه‌به‌ستی تاوتوێ کردنی داواکاری و ئه‌رکه‌کانی قۆناخی داهاتوو، هه‌روه‌ها گفتوگۆکردن له‌سه‌ر ڕێوشوێنه‌کانی گه‌شه‌پێدانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌کانی و ڕێزگرتنی ئیراده‌ی گه‌ل له‌ پاراستنی بنه‌ما و پایه‌کانی سیسته‌می دیموکراسیی فیدراڵی."

سه‌رچاوه‌: ڕووداو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16116

Your Comment

You are replying to: .
captcha