مه‌سروور بارزانی: ده‌بێ هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌ی کێشه‌له‌سه‌ر بگه‌ڕێته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ڕاوێژکاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان له‌ دیداریدا له‌گه‌ڵ جێگری فه‌رمانده‌ی هێزی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و سووریا جه‌خت له‌سه‌ر پێویستی گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان ده‌کاته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 26ی حوزه‌یران مه‌سروور بارزانی ڕاوێژکاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان پێشوازیی له‌ جه‌نه‌رال وۆلتر پایێت جێگری فه‌رمانده‌ی هێزی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و سووریا و شاندی یاوه‌ری کرد.

له‌و دیداره‌دا دوا په‌ره‌سه‌نده‌کانی ناوچه‌که‌ و پێشخستنی زیاتری میکانیزمی هه‌ماهه‌نگیی نێوان هێزه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆریزم گفتوگۆیان له‌سه‌ر کرا.

مه‌سروور بارزانی وێڕای جه‌ختكردنه‌وه‌ له بایه‌خ و گرینگیی ئاسایی کردنه‌وه‌ی دۆخی ناوچه‌ کوردستانییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان و هاوکاریی زیاتری هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ ڕێگری كردن له‌ جموجۆڵ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆریستان ئاماژه‌ی به‌وه دا پێویسته‌ دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوچه‌ کوردستانییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم به‌ هه‌ماهه‌نگیی گشت لایه‌نه‌ پێوه‌ندیداره‌کان به‌ڕێوه‌ بچێت.

له‌ به‌رامبه‌ردا جێگری فه‌رمانده‌ی هێزی هاوپه‌یمانان هه‌ماهه‌نگیی نێوان هاوپه‌یمانان و پێشمه‌رگه‌ی له‌ جه‌نگی دژ به‌ تیرۆریستان به‌رز نرخاند و دووپاتی کرده‌وه‌ که‌ هێزی هاوپه‌یمانان له‌ هاوکاری و مه‌شق و پاڵپشتیكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بن.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15999

Your Comment

You are replying to: .
captcha