کوردپرێس:
بە گوێرەی بەڵگەنامەی تایبەتی دادگای فیدراڵی کە بڕیاری لە بارەی درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان داوە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو بڕیارانەی کە دوای ٤٥ ڕۆژ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەوە لە پەرلەمان دەردەچن هیچ پشتیوانییێکی دەستوورییان نییە و بڕیارەکان نابێت لە ٣٠ ڕۆژ تێپەڕ بکات.
پەرلەمانی عێراق لە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ یاسای درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی بە مەبەستی ئەنجامدانی جیاکردنەوەی بژاردنەوەی دەنگی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکە، قسەو باسێکی لە نێوان لایەنە سیاسییەکان و ناوەندە یاساییەکان هێنایە ئاراوە، بە تایبەت سەبارەت بە دەسەڵاتەکانی پەرلەمان بۆ درێژکردنەوەی ماوەی خۆی.
ئەوەش لە کاتێکدایە تا ئێستاش جۆرێک لە ناڕۆشنی لە ئارادایە سەبارەت بە شێوازی جێبەجێکردنی بریاری دادگای فیدراڵی بۆ جیاکردنەوە و بژاردنەوەی دەنگەکان.
ماوەی یاسایی پەرلەمان لە کۆتایی ئەم مانگەدا "حوزەیران" کۆتایی دێت، بەڵام ئەم هەفتەیە لە کۆبوونەوەیێکی نائاسایی پەرلەمان هەمواری چوارەمی یاسای هەڵبژاردنەکان کرا و تیاید تەمەنی پەرلەمانیش درێژکرایەوە تا ئەو کاتەی پرۆسەی جیاکردنەوە و بژاردنەوەی دەستی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان تەواو دەبێت.
بڕیاریشە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو جارێکی تر پەرلەمان کۆبێتەوە بۆ تەواوکردنی خویندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاساکە و بەرلەوەی دەنگدانی کۆتایی لە سەر بکرێت.
چاوەڕوانیش دەکرێت درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان ناکۆکی سیاسی زیاتر بخاتە نێوان هێزە سیاسیە جیاجیاکانی عێراقەوە و تانە لە بریارەکە بدرێت.
Your Comment