یه‌که‌م ئه‌وله‌وییه‌تی ئێمه‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ده‌نگی خه‌ڵکی کوردستانه نه‌ک به‌ سه‌رۆک کۆمار بوونی به‌رهه‌م ساڵح

به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ڕێبوار که‌ریم گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ ئاژانسی کوردپرێس کردوووه‌ و له‌سه‌ر ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ئه‌جیندای ئه‌و حیزبه‌ بۆ چوونه‌ به‌غدا و گریمانه‌ی به‌ سه‌رۆک کۆمار بوونی به‌رهه‌م ساڵح وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێکی کوردپرێسی داوه‌ته‌وه‌.

کوردپرێس- به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح و حیزبه‌ تازه‌ دامه‌زراوه‌که‌ی که‌ ناوی هاوپه‌یمانی بۆ دیموکراسی و دادپه‌روه‌ریی لێ نراوه‌ پێگه‌یێکی تایبه‌تی هه‌یه‌ له‌ هه‌ڵسه‌نگاندن و شرۆڤه‌ کردنی پڕۆسه‌ی سیاسییه‌کان و ئه‌و پێشبینییانه‌ی به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له‌ مانگی ئایاردا ده‌کرا. زۆرینه‌ی چاودێرانی سیاسی ئه‌و سه‌رکرده‌ تێکنۆکراته‌ که‌ له‌ یه‌کێتیی نیشتمانی دابڕاوه‌ به‌ جێی سه‌ره‌نجترین که‌سایه‌تیی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ده‌ناساند و گومانیان نه‌بوو که‌ پۆستی سه‌رۆک کۆمار ده‌درێت به‌ به‌رهه‌م ساڵح ته‌نها چه‌ند کاتژمێرێک پاش کۆتایی هاتنی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی 12ی ئایار و ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی به‌رایی هه‌موو بابه‌ته‌که‌ پێچه‌وانه‌ی پێشبینییه‌کان ده‌رچوو. جارێکی‌تر پارتی و یه‌کێتی پله‌ی یه‌که‌م و دووهه‌میان به‌ده‌ست هێنا ئه‌وه‌ش له‌ کاتێکدا پێشبینی ده‌کرا به‌هۆی لێکه‌وته‌کانی ڕیفراندۆم و 16ی ئه‌کته‌وبره‌وه‌ پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریی جارانیان نه‌مابێت. به‌رهه‌م ساڵح که‌ پێشتر له‌ ده‌سه‌ڵاتدا شه‌ریکی ئه‌و دوو حیزبه‌ بوو و له‌ ماوه‌ی یه‌ک ساڵی ڕابردوودا ڕێچکه‌ی خۆی له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی حکوومه‌ت جیا کرده‌وه‌ و بوو به‌ هه‌یکه‌لی سیادیی دژبه‌ران و ئه‌و دوو حیزبه‌ هاته‌ مه‌یدانی ڕکابه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ به‌ڵام پاش ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی کۆتایی له‌لایه‌ن کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنی عێراقه‌وه‌ ناوبراو ته‌نها دوو کورسیی په‌رله‌مانی به‌ده‌ست هێنا و ئه‌وه‌ش فه‌شه‌لێکی قورس بوو که‌ دوکتۆر به‌رهه‌م ئه‌زموونی کرد. وه‌کوو دیکه‌ی حیزبه‌ شکستخواردوووه‌کان هاوپه‌یمانییه‌که‌ی به‌رهه‌م ساڵحیش پرسی "ساخته‌کاری له‌ هه‌ڵبژاردن"دا زه‌ق ده‌کاته‌وه‌ و په‌نجه‌ بۆ دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری کوردستان ڕاده‌کێشێت و بێ‌وچان کار ده‌کات بۆ دووباره‌ ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌کان. ئاژانسی هه‌واڵی کوردپرێس به‌ مه‌به‌ستی تاوتوێ کردنی پرسی هاوپه‌یوه‌ند به‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کان و پێداگریی هاوپه‌یمانی بۆ دیموکراسی و دادپه‌روه‌ری له‌پێناو گۆڕینی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن و چه‌ند ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی سیاسیی هه‌رێمی کوردستان گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ دوکتۆر ڕێبوار که‌ریم وته‌بێژی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ کردوووه‌. ده‌قی دیمانه‌که‌ لێره‌ بخوێنه‌ره‌وه‌:

کوردپرێس: وه‌کوو لایه‌نی هاوپه‌یمانی و ئه‌و لایه‌نانه‌ی که‌ ناڕازین له‌ ئه‌نجامه‌کان سه‌ردانی به‌غداتان کرد ئه‌نجامی ئه‌و سه‌ردانه‌تان بوو به‌ چی و له‌وێ چیتان کرد؟

ڕێبوار که‌ریم: ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ سه‌ردانی به‌غدامان کرد که‌ تانه‌کان له‌ ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن پێشکه‌ش بکه‌ین چوونکه‌ 31ی ئایار دوایین ڕۆژی پێشکه‌ش کردنی تانه‌ بوو له‌ ده‌سته‌ی دادوه‌ری و کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان بۆیه‌ ئێمه‌ش به‌ به‌ڵگه‌ی دیاره‌وه‌ تانه‌کانمان پێشکه‌ش کرد. دواییش سه‌ردانی هه‌ندێک لایه‌نی نێوده‌وڵه‌تیمان کرد بۆ ڕوون کردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌م ته‌زویره‌ له‌م نێوانه‌دا کراوه‌ چۆن چۆنییه‌؟

کوردپرێس: ده‌کرێت ئاماژه‌ به‌و لایه‌نه‌ عێراقییانه‌ بده‌ن که‌ دیدارتان له‌گه‌ڵیان کرد.

ڕێبوار که‌ریم: دیداره‌کان زیاتر که‌سی بوو و ته‌نها بۆ ڕوون کردنه‌وه‌ی لایه‌نی ته‌زویرکار بوووه‌ به‌ڵام وه‌فدێکی دیکه‌ بۆ سه‌ردانی ڕه‌سمی ده‌ڕوات بۆ بینینی هێزه‌ عێراقییه‌کان.

کوردپرێس: هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌وڵانه‌ی ئێوه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن هیوای ئه‌وه‌تان هه‌یه‌ که‌ ئه‌و هه‌وڵانه‌ بگاته‌ ئامانج؟

ڕێبوار که‌ریم: ئێمه‌ گه‌شبینین چوونکه‌ به‌ڵگه‌کانمان به‌ڵگه‌ی بنه‌بڕن و هیچ جۆره‌ گومانێک هه‌ڵناگرێت ته‌نانه‌ت زۆر شوێن پێیان وتین ئێوه‌ یه‌که‌م لایه‌نن که‌ به‌ڵگه‌ی بێگومانتان هێناوه‌ و یه‌که‌م لایه‌نیشن که‌ به‌م شێوازه‌ له‌ مێژووی هه‌ڵبژاردنی عێراقدا به‌ڵگه‌ی سه‌ر کۆمیسیۆن خۆیتان هێناوه‌ و داتاکانی کۆمیسیۆن به‌ تایبه‌ت له‌ سلێمانی زۆرینه‌ی ته‌زویره‌.

کوردپرێس: به‌ ڕای هاوپه‌یمانییه‌که‌تان چه‌نده‌ غه‌دری لێکراوه‌؟ مه‌به‌ستم ژماره‌ی کورسی و ده‌نگه‌.

ڕێبوار که‌ریم: بۆ نموونه‌ له‌ پارێزگایێکی وه‌کوو سلێمانی یه‌کێتی 145 هه‌زار ده‌نگی به‌ یه‌ک ڕێگا ته‌زویر کردوووه‌ که‌ ئه‌وه‌ش دووباره‌ کردنه‌وه‌ی 6 کۆده‌ بۆ 6 کاندید. ته‌بعه‌ن هه‌ر کاتێک یه‌کێتی ده‌نگی بۆ خۆی زیاد کردبێت ده‌نگی له‌ ئێمه‌ که‌م کردوووه‌ واته‌ مه‌رج نییه‌ ته‌نیا له‌ هاوپه‌یمانی که‌م بووبێته‌وه‌ به‌ڵکوو له‌و لایه‌نانه‌ی تریشی که‌م کردۆته‌وه‌ به‌ڵام به‌ ڕوونی دیار بوو که‌ ئێمه‌ ئامانجێکی سه‌ره‌کی بووین.

کوردپرێس: گریمان هه‌وڵه‌کانتان نه‌گه‌یشته‌ ئه‌نجام و ئه‌م ئه‌نجامانه‌ی که‌ ڕاگه‌یێندراوه‌ ببێته‌ ئه‌نجامی کۆتایی به‌رنامه‌ و ڕێکاری داهاتووی ئێوه‌ چی ده‌بێت؟

ڕێبوار که‌ریم: ئێمه‌ له‌ یه‌که‌م ڕۆژیشه‌وه‌ وتوومانه‌ ڕێگای یاسایی و مه‌ده‌نی به‌کار ده‌هێنین بۆیه‌ هه‌وڵه‌ سیاسی و دیپلۆماسییانه‌کانمان گرتۆته‌به‌ر و به‌ کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیمان وتوووه‌ و به‌ هێزی عێراقیمان وتوووه‌ و له‌ میدیاوه‌ باسمان کردوووه‌ چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی ئیجابی ده‌که‌ین له‌ 10ی حوزه‌یراندا. له‌ دوای ئه‌وه‌ش ئێمه‌ چاوه‌ڕێ ده‌که‌ین وه‌ڵامه‌کان ئیجابی بن و ئاماده‌ی وه‌ڵامی ئیجابیشمان بیستوووه‌. دوای ئه‌وه‌ش هه‌ر بڕیارێک بده‌ین له‌گه‌ڵ هێزه‌ هاوبه‌شه‌کانماندا پێکه‌وه‌ ده‌یده‌ین بۆیه‌ ئێستا من ناتوانم بڵێم به‌ ته‌ئکید به‌ ته‌مای چین.

کوردپرێس: مه‌کگۆرک له‌ سه‌ردانه‌که‌ی خۆی بۆ هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز به‌رهه‌م ساڵح دیداری کرد ئایا ئێوه‌ ئاگادارن له‌ دیداره‌که‌دا ئه‌مریکا چی له‌ ئێوه‌ ده‌ویست یان ته‌وه‌رێکی تایبه‌ت باس کرا؟

ڕێبوار که‌ریم: به‌ ته‌حدید نه‌خێر. ته‌نها باس له‌وه‌ بوو که‌ تێڕوانینی لایه‌نه‌کان بزانێت بۆ مه‌سه‌له‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کان. ئێمه‌ش ئه‌وه‌ی که‌ له‌ میدیا به‌ خه‌ڵکی ده‌ڵێین ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنێکی ته‌زویرکراو ڕازی نیین.

کوردپرێس: ئایا باس له‌ بوون به‌ سه‌رۆک کۆماری به‌ڕێز به‌رهه‌م ساڵح کراوه‌؟

ڕێبوار که‌ریم: ئه‌و بابه‌تانه‌ له‌ لای ئێمه‌ جێی ته‌رح کردن نییه‌ چوونکه‌ یه‌که‌م ئه‌وله‌وییه‌تی ئێمه‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ده‌نگی خه‌ڵکی کوردستانه‌. پاشان چوون بۆ به‌غدا بریتییه‌ له‌ دروست کردنی حوکمڕانییێک له‌ عێراقدا که‌ خزمه‌ت به‌ خه‌ڵکی عێراق و کوردستانیش بکات و مافی ده‌ستووریی خه‌ڵک دابین بکرێت له‌ نێویشیدا خه‌ڵکی کوردستان بۆیه‌ ئێمه‌ به‌ ئه‌رکی خۆمانی ده‌زانین دیفاع له‌ مافی هه‌موو خه‌ڵکی عێراق بکه‌ین له‌سه‌ر بنه‌مای هاووڵاتی بوون. پۆستیش لای ئێمه‌ تا ئه‌و کات گرینگیی هه‌یه‌ که‌ خزمه‌ت به‌ خه‌ڵک بکات.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

داگرتن و داڕشتنه‌وه‌: به‌شی کوردیی هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15886

Your Comment

You are replying to: .
captcha