کوردپرێس:
عەرەفات کەرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی هەڵوێستی پارتی لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان رایگەیاند "ئێمە بایکۆتی هەر دانیشتنێک دەکەین کە باس لە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی عێراق بکات، بۆیە ئێمە بایکۆتی ئەو دانیشتنە دەکەین کە بڕیارە رۆژی یەکشەممە ئەنجام بدرێت".
عەرەفات کەرەم دەڵێت، درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی پەرلەمان عێراق "پێشێلکردنی ماددەکانی 66 و 67ی دەستووری عێراقە، چوونکە لە دەستووردا هاتووە تەمەنی پەرلەمان 4 ساڵە، هەر ساڵێک لە دوو وەرز پێکدێت، لە حاڵەتێک درێژ دەکرێتەوە ئەگەر بێت و بودجە پەسند نەکرێت، دەکرێت ئەو وەرزە درێژ بکرێتەوە، بەڵام درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی پەرلەمان پێشێلکردنی دەستوورە".
لەبارەی هۆکاری هەوڵدان بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، عەرەفات کەرەم دەڵێت "مەبەستی سەرەکیی ئەو لایەنانە ئەوەیە ئاڵۆزی بخەنە نێو پرۆسەی سیاسی، یاسا لە بەرژەوەندی خۆیان دەربکەن لە بۆ بەرژەوەندی ئەوانەی دەرنەچوون. ئێمەش بایکۆتی پەرلەمانی عێراقمان نەکردووە، تەنها بایکۆتی ئەو دانیشتنە دەکەین کە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان ئەنجام دەدرێت".
Your Comment