قوباد تاڵەبانی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانى رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى کۆرۆنای له‌ سلێمانى بەسەر کردەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان سه‌ردانى شارى سلێمانى کرد و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانى رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى کۆرۆنا له‌ سلێمانى کۆ بووه‌وه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە زنجیرەیێک بەسەرکردنەوەدا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی و کۆمپانیای پایۆنیری بەرهەمهێنانی دەرمان و قایمقامیەت و شارەوانی سلێمانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەم فەرمانگانە رەوشی خۆپارێزی و دوا پێشهاتەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنای نوێی تاوتوێ کرد.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ سه‌باح هه‌ورامی به‌ڕێوبه‌ری گشتیی ته‌ندروستیی سلێمانی و به‌رپرسانی دیکه‌ی کەرتی ته‌ندروستی، قوباد تاڵه‌بانی ستایشی هه‌وڵ و ماندووبوونی پزیشکان و کارمه‌ندانی ته‌ندروستیی کرد که‌ له‌ ماوه‌ی رابردوودا زۆر بە لەخۆبردوویی‌ تێکۆشاون لەپێناو پاراستنی ته‌ندروستی هاوڵاتیان و رایگه‌یاند گه‌لی کوردستان ماندووبوون و تێکۆشانی پێشمه‌رگانەی پزیشکان و کارمه‌ندانی ته‌ندروستی هه‌رگیز له‌بیر ناکات کە لە هیڵی یەکەمی بەرگرین لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

هه‌ر له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا جێگری سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ڕێوه‌به‌رانی ته‌ندروستی سلێمانی دڵنیا کرده‌وه‌ له‌وه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێم درێغی ناکات له‌ دابین کردنی پێداویستییه‌ ته‌ندروستییه‌کان بەپێی توانا و داواشی لێکردن تا زاڵبوونی ته‌واو به‌سه‌ر په‌تای کۆرۆنادا به‌هه‌مان گیانی ئێستاوە‌ به‌رده‌وام بن.

له‌ دوای کۆبوونه‌وه‌که‌ قوباد تاڵه‌بانی سه‌ردانی کارگه‌ی ده‌رمانسازی پایۆنیری کرد که‌ وه‌ک یه‌که‌م کارگه‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو عێراقدا پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ده‌رمانه‌کانی هایدرۆکسی کلۆرۆکوین و ئه‌زیسرۆما‌یسنی ده‌ستپێکردوه‌ که‌ لە ئێستادا وه‌ک یەکێک لە چاره‌سه‌رەکان بۆ تووشبووانی کۆرۆنای نوێ به‌کارده‌هێنرێت.

جێگری سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رانی کارگه‌که‌ ستایشی ئاستی تواناکانی کارگه‌ی پایۆنیری کرد له‌ کاتی گونجاودا توانیان یارمه‌تی که‌رتی ته‌ندروستی هه‌رێم و عێراق بده‌ن و پشتگیری حکوومه‌تی هه‌رێمیشی بۆ دووپات کردنه‌وه‌ و هیوای خواست کارگه‌ی پایۆنیر به‌رده‌وامبێت له‌ پێشخستنی پیشه‌سازی به‌رهه‌مهێنانی ده‌رمان له‌ کوردستان.

لەبەسەرکردنەوەی شارەوانی سلێمانیشدا قوباد تاڵەبانی کار و هەوڵەکانی شارەوانی بەرز نرخاند کە سەرباری کەرەنتین و قەدەغەی هاتوچۆ ئەوان هەر لەپاک راگرتنی شاری سلێمانی و پێشکەش کردنی خزمەتگوزارییەکان بەردەوامن.

لە دوا وێستگەی بەسەرکردنەوەکانیشیدا قوباد تاڵەبانی لەگەڵ قایمقامی سلێمانی و ئەندامانی ژووری ئۆپەراسیۆن کۆ بوویەوە و وێڕای ستایشی زۆری هەوڵ و ماندووبوونەکانیان داوای لێکردن بەردەوام بن لە بەجێ هێنانی ئەو ئەرکانەی پێویستن بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان، لەلای خۆشییەوە قایمقامی سلێمانی پێزانینی خۆی بۆ هەواڵ پرسینی قوباد تاڵەبانی دەربڕی و دڵنیای کردەوە بەردەوام دەبن لە پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و خزمەت کردنی خەڵکی شاری سلێمانی لە هەموو بارودۆخەکان.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 158245

Your Comment

You are replying to: .
captcha