سوپای توركیا ده‌ورییه‌كانی له‌ مه‌نبه‌ج ده‌ست پێده‌كات

به‌شی تورکیا- سوپای توركیا به‌ هه‌ماهه‌نگیی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت ده‌ورییه‌كانی له‌ شاری مه‌نبه‌جی سووریا ده‌ست پێده‌كات و ئه‌م هه‌نگاوه‌ی سوپای توركیاش بۆ ده‌ركردنی ته‌واوه‌تی هێزه‌ كوردییه‌كانه‌ كه‌ له‌ ساڵی 2016دا ناوچه‌كه‌یان له‌ چنگی داعش ڕزگار كردبوو.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 20ی حوزه‌یران ئاژانسی ئه‌نادۆڵ بڵاوی كردۆته‌وه كه‌ "له ‌چوارچێوه‌ی چالاكییه‌كانی داماڵینی مه‌نبه‌ج له‌ یه‌په‌گه‌/په‌كه‌كه‌، سه‌ربازانی سوپای توركیا ده‌ستیان كرد به‌ دووهه‌‌مین گه‌ڕان و ده‌ورییه‌ له‌ شارۆچكه‌كه‌دا."

ئاژانسه‌كه‌ ئامانجی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی سوپای توركیا بۆ "وه‌ده‌رنانی ته‌واوه‌تی هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌/په‌كه‌كه"‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ و باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ سه‌ربازانی سوپای توركیا ده‌ستیان كردوووه‌ به‌ دووهه‌مین گه‌ڕان و ده‌ورییه‌ له‌ شارۆچكه‌كه‌.

هاوكات ئاماژه‌ به‌ بڵاوه‌پێكردنی زرێپۆشه‌كانی سوپای توركیا ده‌كات له‌ ده‌وروبه‌ری زێی ساجو كه‌ به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی مه‌نبه‌ج و شارۆچكه‌ی جه‌رابلوسی ناوچه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی قه‌ڵغانی فوڕات له‌ یه‌كتری جیا ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌و ئاژانسه‌ زیاتر ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات سه‌ربازانی سوپای توركیا و ئه‌مریكا له‌ یه‌ک كاتدا له‌ به‌رامبه‌ر شارۆچكه‌ی دادات چالاكی ده‌ورییه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن كه‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی تێدا جێگیر كراوه‌."

له‌م چه‌ند مانگه‌ی ڕابردوودا سوپای توركیا به‌ بیانووی پارێزگاری له‌ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی وڵاته‌كه‌ی له‌شكركێشی كردوووه‌ بۆ نێو خاكی سووریا و هه‌رێمی كوردستان و ئه‌م هه‌نگاوه‌ش پێشتر له‌لایه‌ن ئه‌مریكا و لایه‌نه‌كانی‌تری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش ڕه‌ت ده‌كرایه‌وه‌ به‌ڵام به‌پێی ئه‌و ڕێكکه‌وتنانه‌ی له ‌نێوان ده‌وڵه‌تی توركیا و ڕۆژئاوایییه‌کان به ‌ئه‌نجام گه‌یشت له ‌ئێستادا ئه‌و له‌شكركێشییانه‌ی سوپای توركیا به ‌شێوه‌یێكی ئاسایی وه‌رده‌گیرێن.

سه‌رچاوه‌: خه‌ڵک

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15820

Your Comment

You are replying to: .
captcha