به‌ڵگه‌کانی به‌رتیل‌وه‌رگرتنی 250 ملیۆن دۆلاریی که‌رتی نه‌وت ڕاده‌ستی داواکاری گشتیی هه‌رێمی کوردستان کراوە

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان باسی له‌وه‌ کرد که‌ له‌سه‌ر 250 ملیۆن دۆلاره‌كه‌ی روسنه‌فت و چه‌ندین دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی داراییی دیکه زانیاری و به‌ڵگه‌کانم ڕاده‌ستی داواکاریی گشتیی هه‌رێمی کوردستان کرد.

کوردپرێس:

له‌ ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا ده‌نگۆی وه‌رگرتنی 250 ملیۆن دۆلار وه‌ک شیرینی نه‌وت له‌ كۆمپانیای رۆسنه‌فت و هه‌روه‌ها ده‌نگۆی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ملیارێک دۆلاری هه‌رێم له‌ وڵاتی لوبنان له‌ میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان بڵاو کرایه‌وه‌ که‌ مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتی کرده‌وه‌ كه‌ سه‌رۆكایه‌تیی داواكاریی گشتی پێویسته‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچوون بۆ ئه‌م ده‌نگۆیانه‌ بكات و داواشی له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان کرد له‌مباره‌یه‌وه‌ هاوكاریی داواكاریی گشتی بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ڕاستییه‌كان بۆ خه‌ڵک ئاشكرا بكرێت.

سه‌رۆكایه‌تیی داواكاری گشتیی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت، لیژنه‌یێكی بۆ به‌دواداچوون له‌ باره‌ی ده‌نگۆی 250 ملیۆن دۆلاره‌كه‌ی ڕوسنه‌فت پێكهێنا و داوای کرد هه‌ر كه‌سێک به‌ڵگه‌ی لایه‌ بیخاته‌ڕوو.

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ خه‌ندانی ڕاگه‌یاند: "به‌دوای خواستی داواکاریی گشتیی هه‌رێمی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ پێشکه‌ش کردنی به‌ڵگه‌کان، سه‌رجه‌م به‌ڵگه‌كانم ڕاده‌ستی داواكاریی گشتیی هه‌رێم كرد، یه‌كێکیان تایبه‌ته‌ به‌ ڕوسنه‌فت، پێش ئه‌وانیش مامه‌ڵه‌ی هاوشێوه‌ی له‌گه‌ڵ گلینکۆر و ڤیتۆڵ كراوه‌، دوای ئه‌وه‌ش پاره‌ی پڕۆژه‌كانه‌ كه‌ زیاتر له‌ دوو ملیار دۆلار له‌ پاره‌ی نه‌وت پاره‌ بۆ پرۆژه‌ ته‌رخان كراوه‌ له‌ بانكی كوردستان به‌ڵام به‌دواداچوونم كردووه‌ به‌شی هه‌ره‌زۆری ئه‌و پارانه‌ بۆ پرۆژه‌كان خه‌رج نه‌كراون."

ناوبراو وتیشی: "پاره‌ بۆ پرۆژه‌كه‌ ته‌رخان كراوه‌ به‌ڵام بۆ پرۆژه‌كه‌ خه‌رج نه‌كراوه‌، به‌ڵگه‌نامه‌كان ڕوونه‌، ئه‌و پاره‌یه‌ یاخود به‌شێكیشی بگه‌ڕێته‌وه‌ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت هه‌ر باشه.‌"

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح له‌و باره‌یه‌وه‌ له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووک نووسیویه‌تی: "بۆ 250 ملیۆن دۆلاری ڕوسنه‌فت، دۆسیه‌ی گلینکۆر و ڤیتۆڵ، له‌گه‌ڵ به‌ڵگه‌نامه‌ی دوو ملیار دۆلار پاره‌ی پرۆژه‌کان که‌ له‌ ساڵی 2012 و 2013دا چووه‌ته‌ بانکی کوردستان و خه‌رج نه‌کراوه‌. کۆی زانیاری و به‌ڵگه‌نامه‌کانم له‌ 21 په‌ڕه‌دا خسته‌ به‌رده‌ست سه‌رۆکی داواکاریی گشتی."

سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ڕاشی‌گه‌یاند: "ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ 250 ملیۆن دۆلاره‌که‌ی روسنه‌فت ھه‌یه‌ له‌ ساڵی 2017 و 2018 بووه‌، پێشتر له‌گه‌ڵ گلینکۆر و ڤیتۆڵیش کاری ھاوشێوه‌ کراوه‌ له‌لایه‌ن که‌سێکی به‌ڕه‌گه‌ز پاکستانی که‌ ناوی مورته‌زایه‌. زۆر زۆر زیاتر له‌م بڕانه‌ و به‌ زیاتر له‌ دوو ملیار دۆلار پاره‌ به‌ناوی پرۆژه‌ له‌ ساڵه‌کانی 2012 و 2013 چووه‌ته‌ بانکی کوردستانی ئه‌ھلی و به‌شی ھه‌ره‌زۆری خه‌رج نه‌کراوه‌، پێنج ساڵه‌ ئیش له‌ سه‌ر پاره‌ی ئه‌م پرۆژانه‌دا ده‌که‌م."

ناوبراو له‌ کۆتاییدا گوتیشی: "به‌ به‌ڵگه‌وه‌، ورده‌کاریی ناوی پرۆژه‌کان، پاره‌ی ته‌رخانکرا که‌ ژماره‌ی حسابی بانکی تێدایه‌ خستمه‌ به‌رده‌ست داواکاریی گشتی. پاش چه‌ندین ساڵ کارکردن، له‌ دوو توێی 21 په‌ڕه‌داو به‌ ڕاپۆرتێکی ورد ھه‌موویم ڕاده‌ستی حاکم ئازاد سه‌رۆکی داواکاریی گشتی کرد و گفتوگۆمان کرد بۆ شێوازی کار له‌سه‌رکردنی که‌ه‌ ھیوادارم ئه‌نجامی ھه‌بێت و خۆشم له‌ به‌دواداچوون به‌رده‌وام ده‌بم."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 158162

Your Comment

You are replying to: .
captcha