بەهۆی کۆرۆناوە یارییەکانی ئۆڵەمپیکی 2020 دواخرا

بەشی جیهان- پاش رێککەوتنی بەرپرسانی ژاپۆن و لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی، بڕیاردرا بەهۆی کۆرۆناوە یارییەکانی ئۆڵەمپیک 2020 دوابخرێت.

کوردپرێس: ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆرێک لە پاڵەوانێتیە جیهانیەکانی دواخست، لە گرنگترینیان یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەورووپا، ئەمرۆش بە فەرمی لیژنەی بەرێوەبردنی یارییەکانی ئۆڵەمپیکی تۆکۆی 2020 ئاشکرایان کرد کە تەواوی یارییەکانی ئەو پاڵەوانێتیە بۆ هاوینی داهاتو دواخراون.

چەند رۆژێک لەمەوبەر دەنگۆی دواخستنی ئەو پاڵەوانێتیەش هاتە ئاراوە، چونکە ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنگی بە زۆر وڵاتی جیهان هەڵچنیبو، سه‌رۆکی ژاپۆن و سه‌رۆکی لێژنه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئۆڵەمپیک رێککه‌وتن له‌سه‌ر دواخستنی ئۆڵیمپیادی تۆکیۆ بۆ ساڵی داهاتو، ئەمڕۆش شینزۆ ئابێ بە فەرمی رایگەیاند، یارییەکانی ئۆڵەمپیکی تۆکیۆ بۆ ساڵی 2021دوادەخەن.

پێش ئەوەی دواخستنی ئەم پاڵەوانێتیە جیهانیە، هەریەکە لە ئوسترالیا و کەنەدا بە فەرمی کشانەوەی خۆیان لە یارییەکانی ئۆڵەمپیک راگەیاند و ئەمریکاش داوای لە ژاپۆن کرد کە پاڵەوانێتیەکە دوابخات، بەڵام جیاواز لە بۆچونی ئەو وڵاتانە، چین پاڵپشتی ژاپۆن بو بۆ ئەنجام دانی پاڵەوانێتیەکە لە کاتی خۆیدا.

بۆ ئەم پاڵەوانێتیە 15 هەزار یاریزان لە 207 وڵاتی جیاوازدا خۆیان بۆ بەشداری تێدا ئامادەکردبو، ئەو وەرزشوانانە لە 33 وەرزشی جیاوازدا بەشداریدەکەن و رکابەری دەکەن بۆ 900 میدالیای زێڕ، ئەمە جگە لە میدالیاکانی زیو و بڕۆنز.

کۆرۆنا نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی کوشندەیە و رێکخراوی تەندروستی جیهانی وەک پەتای جیهانی پۆڵێنیکردوە، ئەو ڤایرۆسە تا ئێستا لە نزیکەی 160 وڵاتدا بڵاوبوەتەوە و لەسەرتاسەری جیهاندا، 394 هەزار و 605 حاڵەتی توشبون تۆمارکراوە، 17 هەزار و 226 کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە مردون.

ئەوەی جێگای دڵخۆشییە، تائێستا ژمارەی چاکبوونەوە بەم ڤایرۆسە چەندین هێندەی ژمارەی ئەو کەسانەیە کە گیان لەدەست دەدەن، تائێستا 103 هەزار و 710 تووشبوو نەخۆشییەکەیان پەڕاندوە و گەڕێنراونەتەوە ماڵەکانیان.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 158082

Your Comment

You are replying to: .
captcha