بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی سەرۆکى حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، "بەداخەوە ژمارەی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش لە پارێزگای سلێمانی لە هەڵکشاندایە، هۆکارەکەش ئەوەیە کە وەک پێویست هاوکاری دامودەزگا پەیوەندیدارەکان ناکرێت و رێکارەکان لەلایەن ژمارەیێک خەلکەوە جێبەجێ ناکرێن ."
ناوبراو باسی لەوەش کردووە، "توانای سیستەمی تەندروستیی هەرێم سنووردارە و لە کاتی بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاکە کێشەکان زیاتر دەبن و ئەو کاتیش گلەیی فریای کەس ناکەوێت."
مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، "هەر بەهەندوەرنەگرتن یان کەمتەرخەمییێک دەتوانێت ئەنجامی کارەساتباری هەبێت، لەسەر هەموو کەس و لایەنێک پێویستە واز لە بەرژەوەندیی تایبەت بهێنن و خەمی گشتیی خەلکی کوردستان بکەن بە خەمی خۆیان، چوونکە کەس لە ئاسەوار و کاریگەرییەکانی ئەم پەتایە بەدەر نابێت."
سەرۆكی حكوومەت باسی لەوەش كردووە، "هیچ بەرژەوەندییێکی تایبەت ئەوە ناهێنێت ژیانی خۆتان و خەلکیش بخەنە مەترسییەوە. لێرەدا بە پێویستی دەزانم دامودەزگاکانی پەیوەندیداری حکوومەت رێکاری توندتر بەرامبەر بە سەرپێچیکاران بگرنەبەر و ئەوانەی یاری بە ژیانی خەلک دەکەن ڕووبەڕووی یاسایان بکەنەوە. "
مەسروور بارزانی داواشی لە هاوڵاتیان کردووە، "بە هەستێکی بەرپرسیارانە ڕینماییەکان ڕەچاو بکەن و ژیانی خۆیان و کەسوکاریان و هاونیشتمانیان بپارێزن. لەم ماوە دیاری کراوەدا لەماڵەوە بمێننەوە و کەمترین پەیوەندیی و هاتووچۆتان هەبێت."
ئەوەش لەکاتێکدایە، ژمارەى توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێم بۆ ٥٤ کەس بەرزبووەتەوە و لە دوو رۆژى رابردوودا بەشێک لە هاوڵاتیان لە ماڵەکانیان چوونەدەرەوە و ئەوەش نیگەرانى وەزارەتى تەندروستیى هەرێمى لێکەوتەوە و دۆخەکەیان بە مەترسیدار ناوبرد.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment