کوردپرێس:
راگەیەندراوێک لەوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانەوە
بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان
جێگەی نیگەرانیی قووڵمانە کە بەبێ هیچ پاساوێک، ڕۆژی 20-3-2020، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردۆتەوە کە بەشی هەرەزۆری هێرشکردنە بۆسەر بەڕێز هەڤاڵ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. هەر ئەمڕۆ، نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێک دا لەسەر دەزگای زانیاری، دووبارە و بەمەبەست و بە خراپ ناوی بەڕێزیانی هێناوە و خۆی خستۆتە ئاستی لایەنداریی نەک بێ لایەنی.
بۆ ئاگاداریی هەموو لایێک، ئاژانسی زانیاری بە فەرمی بەشێکە لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و لەسەرەتای ئەمساڵ و لە دوای کۆنگرەی چواری یەکێتی، بەڕێز هەڤاڵ لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات و پەیوەندی راستەوخۆی بە دامەزراوەکانی سەر بە ئەنجومەنی ئاسایش نەماوە. هەرچەند ئەم گۆڕانکارییانە، پاساو نادات بە پەلاماردانی ئاژانسی زانیاری لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە، بەڵام جێی سەرسوڕمانە ئەگەر نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی ئاسایش ئاگاداری ئەو گۆڕانکاریانە نەبن. ئایا لەم کاتەدا چ سودێک دەبینرێت لە هەڵگیرساندنی ئاژاوە لەنێوان سەرکردایەتی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی سەر بە حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان. هەروەها جێگەی پرسیاریشە، که ئایا پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە چ مەرامێک، گوتارێکی سیاسی لەم جۆرە، لەدژی سەرۆکایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەڕێوە دەبات. بەتایبەت لەم دۆخە هەستیار و ئاڵۆزەدا کە گەلەکەمان لەهەموو کات زیاتر پێویستی بە تەبایی و یەکڕزیی و پێکەوە ژیان هەبووە.
ئەم شێوازە لە پەیوەندیی سیاسی، ئەگەر ئەمە سیاسەتی پارتی بێت، سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بەرەو چارەنووسی نادیار دەبات و، هەڵوەستەی جدیمان پێ دەکات لەسەر راستگۆیی پارتی بۆ شەراکەتی سیاسی و، ئایندەی رەوایی مانەوەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوانیشمان دەخاتە بەردەم پرسیار و مەترسی.
وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment