کوردپرێس: مەزهەر محمد راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و کەم بوونەوەی بۆ نزیکەی 30 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، عێراق نیوەی داهاتی نەوتی لەدەست داوە.
لەمیانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی ئەلسەباح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیران راشیگەیاندووە، داهاتی نەوت نزیکەی لەسەدا 98-ی پارەی بیانی بۆ ناوخۆی عێراق دەهێنێت، لەکاتێکدا نەوت تەنها لەسەدا 45-ی کۆی بەرهەمی ناوخۆییە، بەوەش داهاتی نەوت لەسەدا 93-ی کۆی داهاتی عێراق پێکدەهێنێت، بەوەش دەردەکەوێت نەوت سەرچاوەی سەرەکی ئابووری عێراقە.
ناوبراو روونیشی کردەوە، پاش ئەوەی نرخی هەر بەرمیلێک نەوت لە60 دۆلار نزیک بووەوە و دواتر بەهۆی کۆرۆنا و گۆڕانکارییەکانی دیکەی ناوچەکە نرخی هەر بەرمیلێک بۆ نزیکەی 30 دۆلار دابەزی، ئاشکرایە کە عێراق نیوەی داهاتی نەوت لەدەست دەدات.
لەبارەی رێگاچارەکان بۆ کەم کردنەوەی کاریگەرییەکانی دابەزینی نرخی نەوت، پێویستە خەرجییە ناپێویستەکان کەم بکرێتەوە و ئیدارەیێکی باشتری داهات بکرێت.
مەزهەر محمد وتیشی عێراق پێشتر سیستمێکی ئاگادارکردنەوەی هەبووە کە باشتر مامەڵە لەگەڵ داهاتەکانی بکات بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەم قەیرانەدا.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment