کوردپرێس:
ڕۆژی دووشەممە ۹ی ئاداری ۲۰۲۰ مەحموود عوسمان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا وتی: ڕێكنەكەوتنی كوتلە شیعییەكان لەسەر كەسایەتییێک بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران لە ماوەی دەستووریدا تا لەلایەن سەرۆک كۆمارەوە ڕابسپێردرێت و جێبەجێ نەكردنی داواكاریی خۆپیشاندەران و دادگایی نەكردنی بكوژانی خۆپیشاندەران و كۆنەكردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا هۆكارگەلێكن كە ڕەنگە عێراق بەرەو نادیار بەرن و دۆخی سیاسی و ئەمنی بە شێوەیێکی ترسناک لە دەست دەربچێت.
ناوبراو لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا وتی: لە عێراق پێشێلكردنی دەستوور بووەتە خوویێکی بەردەوام، لەبەر ئەوە ماوەی ئەو ١٥ رۆژەی بەپێی دەستوور دیاری كراوە بۆ ناونانی پاڵێوراوی سەرۆک وەزیران بەس نییە و درێژ دەكرێتەوە كە ئەوە هەنگاوێكی نایاسایی و نادەستوورییە.
مەحموود عوسمان داوای كردووە كوتلە شیعییەكان بەخێرایی لەسەر ناونانی بەربژێری پۆستی سەرۆک وەزیرانی حكوومەتی راگوزەر ڕێكبكەون.
سیاسەتوانی دیاری کورد ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی (نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایش) زۆر گرنگی بە بارودۆخی ناوخۆی عێراق نادەن، ئەوەندەی لە ڕێگای بەیاننامەوە داوا لە كوتلە سیاسییەكان دەكەن ڕێكبكەون و داوا دەكەن دەسەڵاتەكانی جێبەجێ كردن هەنگاوی كردەیی بنێن ئەوەندە دەستێوەردان ناكەن و هیچ ڕێوشوێنێكی نێودەوڵەتی كردەیی نانێن بۆ ئەوەی عێراق بۆ سەر هێڵە راستەكە بگێڕنەوە.
کۆدی هەواڵنێر: ٦۰۱۰۳
Your Comment