فارس عیسا: زه‌حمه‌ته‌ كه‌سێكی تر بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی عێراق ڕاسپێردرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دوای شكستهێنانی عه‌لاوی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت، نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌غدا ده‌ڵێ، ئه‌گه‌ره‌كان زیاتر ئه‌وه‌یه‌ حكوومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی وه‌ك حكوومه‌تی ڕاگوزه‌ر له‌ پۆسته‌كه‌یدا بمێنێته‌وه‌.

کوردپرێس:

فارس عیسا، نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "پاش ئه‌وه‌ی محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی شكستی هێنا له‌ پێكهێنانی حكوومه‌ت و نه‌یتوانی پشتیوانیی شه‌قامی عێراقی و حزبه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت، به‌ر‌نامه‌یه‌كی ناته‌ندروستی هه‌بوو، له‌لایه‌ن شه‌قام و حزبه‌كانەوە قبووڵكراو نه‌بوو، تۆپه‌كه‌ له ‌ڕووی ده‌ستووریه‌وه‌ له‌‌ ساحه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری عێراقه‌، ده‌بێت له‌ ماوه‌ی 15 ڕۆژی تردا شه‌خسێكی تر ڕابسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت، یان ئه‌وه‌تا حكوومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌رده‌وام بێت تا كاتی هه‌ڵبژاردن".

فارس عیسا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد: "بە یه‌كگرتووییی كورد له‌ به‌غدا توانرا پارێزگاری له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێمه‌كه‌مان بكرێت و غرووری لایه‌نی پێكهێنه‌ری حكوومه‌ت بشكێندرێت، كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم له‌گه‌ڵ فڕاكسیۆنەکانی‌ كورد و حزبه‌ سیاسییه‌كان وای كرد له‌ پرسی پێكهێنانی حكوومه‌ت یه‌كگوتار بین و وه‌زیرانی كورد و جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و، فڕاكسیۆنەکانی ‌كوردستان، پێوه‌ندیی پته‌ویان هەبوو له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه‌ عێراقیانه‌ی بۆچوونیان لێمان نزیك بوو و به‌ یه‌كه‌وه‌ توانیمان پارێزگاری له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لانی عێراق بكه‌ین، بۆ ئەوەی شه‌خسێك نه‌یه‌ت تاكڕه‌وانه‌ حوكمڕانی بكات".

نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد: "ئه‌گه‌ر یه‌كڕیزیی كورد به‌رده‌وام بێت ئه‌وه‌ هیچ كه‌س و هێزێك نییه‌ بتوانێت حساب بۆ كورد نه‌كات و بیه‌وێت هه‌نگاو به‌سه‌ر قه‌واره‌ی ده‌ستووریی كوردستاندا بنێت، ئه‌و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی شكستپێهێنان و وانه‌یه‌كی باش بوو بۆ هەر لایه‌ك کە بیه‌وێت خۆی به ‌فریادڕه‌س نیشان بدات، ده‌بێت ئه‌وه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق به‌شدار بێت له‌ داڕشتنی سیاسه‌ت و حوكمڕانیی وڵاتدا شه‌ریك بێت، ته‌سه‌ور ناكه‌ین له‌ دوور و نزیك شه‌خسێكی تر بیر له‌ ئه‌فكاره‌كانی علاوی بكاته‌وه‌ و زۆر کەسیش له‌ به‌غدا هەن کە پێیان خۆش نییه‌ كورد یه‌كڕیز و یه‌كگرتوو بێت".

"كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم و حزبه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان هه‌نگاوی باش بوون بۆ دۆست و نه‌یار كه‌ ئێمەی وه‌ك كورد یه‌كگرتووین و هه‌نگاو بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانمان ده‌نێین، ده‌بێت قورساییی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رچاو بگرن، ته‌جروبه‌یه‌كی زۆرباشیش بوو بۆخۆمان." فارس عیسا وای گوت.

ناوبراو پێی وایه‌ كابینه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی تا كاتی هه‌ڵبژاردنی گشتیی عێراق به‌رده‌وام ده‌بێت، چونكه‌ زه‌حمه‌ته‌ كه‌سێك دیاری بكرێت بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت کە شه‌قام و حزبه‌ شیعه‌كان و مه‌رجه‌عییه‌ت و پێكهاته‌كانی تری عێراق و ئه‌مەریكا و ئێران له‌سه‌ری ڕه‌زامه‌ند بن، بۆیه‌ ئێمه‌ پێمان وایه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی و حكوومه‌ته‌كه‌ی لە باشترین حكوومه‌ته‌كانی عێراق بوو، ئێستاش سه‌رۆكوه‌زیران ڕۆژێکی بۆ هه‌ڵبژاردن دیاری کردووە و، وه‌ك حكوومه‌تێكی ڕاگوزه‌ر تا هه‌ڵبژاردن به‌رده‌وام ده‌بن".

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 157762

Your Comment

You are replying to: .
captcha