قوباد تاڵە‌بانی: پلانی رێکخستنە‌وە‌ی ھێزە‌کانی پێشمەرگەمان ھە‌یە‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جێگری سە‌رۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگە‌یاند ئیرادە‌یێکی باش ھە‌یە‌ بۆ جێبە‌جێ کردنی پلانی چاکسازی و رێکخستنە‌وە‌ی‌ ھێزە‌کانی پێشمە‌رگە‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئە‌مڕۆ سێ شە‌ممە‌ قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆک وە‌زیرانی هەرێمی کوردستان، سە‌ردانی وە‌زارە‌تی کاروباری پێشمە‌رگە‌ی کرد و لە‌لایە‌ن شۆڕش ئیسماعیل، وە‌زیری کاروباری پێشمە‌رگە‌ و ئە‌فسە‌ر و پلە‌دارە‌کانی وە‌زارە‌تە‌وە‌ پێشوازیی لێ کرا.

لە‌ کۆبوونە‌وە‌یە‌کدا، باس لە‌ ھە‌نگاوە‌کانی چاکسازیی وە‌زارە‌تی کاروباری پێشمەرگە و رە‌وشی ئێستای ھە‌رێمی کوردستان کرا و ئامادە‌کارییە‌کان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھە‌ر ئە‌گە‌رێکی نە‌خوازراو و ھێرشێکی گریمانکراوی تێرۆریستان تاووتوێ کرا.

قوباد تاڵەبانی جێگری سە‌رۆکی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران راشیگە‌یاند: لە‌ ھە‌موو قۆناغە‌کان پێویستمان بە‌ ھێزێکی تۆکمە و لێوەشاوەیە، لە‌ ئێستاشدا دە‌بێت زۆر بە‌ ئاگابین لە‌ پلانی تێرۆریستان و لە ئەگەری زەفەرهێنانیان.

ناوبراو وتیشی: "متمانە‌ی تە‌واومان بە‌ توانای ھێزە‌کانمان هەیە، دە‌ستخۆشیتان لێ دە‌کە‌ین و ئێمە‌ ھە‌میشە‌ پاڵپشت و ھاوکارتانین".

سە‌بارە‌ت بە‌ چاکسازییە‌کانی وە‌زارە‌ت، قوباد تاڵە‌بانی وتی: "چۆن لە‌ کابینە‌ی پێشوو دە‌ستمان کرد بە‌ چاکسازی، لەم کابینە‌یە‌ی ئێستاش بە‌ردە‌وام دە‌بین و لە‌ کابینە‌ی داھاتووش هەر درێژەی دەبێت، چوونکە‌ چاکسازی پرۆسە‌یێکی بە‌ردە‌وامە‌".

جێگری سەرۆک وەزیران ستایشی پاڵپشتی‌ ھێزی ھاوپە‌یمانانی کرد و وتی: "ئە‌وان چاویان لە‌وە‌یە‌ ھە‌نگاوە‌کانی چاکسازی جێبە‌جێ بکە‌ین و ھێزە‌کە‌مان ھێزێکی نێشتمانی رێکخراو بێت".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 157752

Your Comment

You are replying to: .
captcha