هه‌ولێر ئاماده‌ی میوانداری‌کردنی کۆبوونه‌وه‌ی سه‌رکرده‌ عێراقییه‌کانه‌ بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و قه‌یرانه‌ی تێی که‌وتووه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ لێدوانێکدا باسی له‌ چه‌ندین پرسی ئێستای هه‌رێمی کوردستان و عێراق کرد که‌ سه‌ره‌کیترینیان پێکهێنانی حکوومه‌ت و ململانێی لایه‌نه‌ عێراقییه‌کانه‌.

کوردپرێس:

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 25ی ئاداری 2020 مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ گفتوگۆیێکدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی زاگرۆسی عه‌ره‌بی باسی له‌ چه‌ند پرسێكی هه‌نووكه‌یی ئێستای هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ كرد و هه‌ڵوێستی خۆیشی له‌هه‌مبه‌ریان ده‌ربڕی.

بارزانی باسی له‌وه‌ کرد که‌ خۆپیشاندانه‌كانی ئێستا په‌رچه‌كرداری شكسته‌كانی ڕابردوون و پێویسته‌ كار له‌سه‌ر چاككردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كان بكه‌ن كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی ئه‌و شكستانه‌ و گوتیشی: "له‌ سه‌ره‌تاوه‌ پشتیوانیی خۆمان بۆ خۆپیشانده‌ران و داوا ڕه‌واكانیان ده‌ربڕیوه‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داوامان كردووه‌، چاره‌سه‌ره‌كه‌ ئاشتییانه‌ بێت و ڕێگه‌ به‌ كه‌سانی هه‌ڵپه‌رست نه‌ده‌ن سواری شه‌پۆله‌كه‌ ببن."

سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ که‌ "هه‌ولێر ده‌بێته‌ شوێنێكی گونجاو بۆ میوانداری كردن و كۆبوونه‌وه‌ی نێوان سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان و نوێنه‌رانی خۆپیشانده‌ران بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی گونجاو و ده‌رچوون له‌و قه‌یرانه‌ی ئێستای وڵات تێی كه‌وتووه‌."

بارزانی له‌باره‌ی محه‌ممه‌د ته‌وفیق عه‌للاوی و میكانیزمی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت گوتی: "عه‌للاوی له‌ خێزانێكی دیاره‌، به‌ڵام میكانیزمی ده‌ستنیشان كردنی وه‌زیره‌كانی حكوومه‌ته‌كه‌ی سه‌ركه‌وتوو نییه‌ و قه‌بووڵ ناكرێت، پێویسته‌ كار له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكات بۆ پێكهێنانی كابینه‌ و ده‌ستنیشان كردنی وه‌زیره‌كان. هه‌موو سه‌رپێچییێكیش ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌بنه‌هۆی پێشێل كردنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و پێكهاته‌كانی دیكه‌ی عێراق."

مه‌سعوود بارزانی ڕوونیشی كرده‌وه‌ که‌ سوننه‌ و كورد و ژماره‌یێكی زۆر له‌ شیعه‌كان له‌و شێوازه‌ی عه‌للاوی بۆ پێكهێنانی كابینه‌كه‌ی ڕازی نین چونكه‌ گوایه‌ به‌ناوی سه‌ربه‌خۆیی و بێلایه‌نیی وه‌زیره‌كان ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن، به‌ڵام دواتر به‌ ئاره‌زووی خۆیان به‌كاریان ده‌هێنن.

ناوبراو گوتیشی: "ئه‌گه‌ر عه‌للاوی به‌ بێ به‌شداریی كورد و سوننه‌ كابینه‌كه‌ی پێکهێنا، ئه‌وا پیرۆزی بێت."

بارزانی گوتیشی: "ڕێككه‌وتنی عه‌للاوی له‌گه‌ڵ دوو لایه‌ن یان سێ لایه‌ن نابێته‌ هۆی پابه‌ندبوونی ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ له‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌دا نین."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 157646

Your Comment

You are replying to: .
captcha