هاوپەیمانیی نەسر دیداری نیشتمانی ڕێک دەخات و 10 لیستی براوە دەگرێتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- هاوپەیمانیی نەسر وادەی "دیداری نیشتمانی" ئاشکرا دەکات کە عەبادی رێکی دەخات و 10 لیستی براوەی هەڵبژاردن دەگرێتەوە.

کوردپرێس:

لە بەیاننامەیێکدا حوسێن عادلی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر رایگەیاند، سەرجەم هێزە سیاسییەکان پێشوازییان لە بانگهێشتەکەی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر کردووە، بەمەبەستی ئەنجامدانی دیدارێکی فراوانی نیشتمانی.

لەبارەی وادەی ئەنجامدانی ئەو دیدارە، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر گوتی "چاوەڕوان دەکرێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەنجام بدرێت و لەو بارەوە ئامادەکاریی گەورە دەکرێت".

بەگوتەی حوسێن عادلی، ئامانج لەو دیدارە "رێککەوتنە لەسەر سیما گشتییەکانی ئیدارەی دەوڵەت و دامەزراوەکانی لە قۆناخی داهاتوو".

گوتەبێژی هاوپەیمانی نەسر دەشڵێت "دیدارەکە نزیکەی 10 لیستی براوەی هەڵبژاردن دەگرێتەوە. باسیش لە بابەتی تانەکانی هەڵبژاردن ناکرێت، بەو پێیەی ئەوە بابەتێکی دادوەرییە و بەشێوەیێکی یاسایی یەکلادەکرێتەوە".

هاوکات فەرید ئیبراهیمی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، تاوەکوو ئێستا دەوڵەتی یاسا بانگهێشتی فەرمیی لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بەدەست نەگەیشتووە، بەمەبەستی ئامادەبوون بۆ ئەو کۆبوونەوەی کە خۆی داوای کردووە دوای جەژن بەڕێوە بچێت.

فەرید ئیبراهیمی دەڵێت "دەوڵەتی یاسا لەڕووی مەبدەئییەوە بە بانگهێشتەکەی سەرۆکوەزیران رازییە، بۆ ئەوەی چارسەرێک یاخود لێکتێگەیشتنێک بۆ کۆتاییهاتنی ئەو قەیرانە بدۆزرێتەوە".

پەرلەمانتارەکەی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەکرد، پێشوازی لە هەر چارەسەرێک دەکەن کە وڵات لەو دۆخە سەختەی ئێستا دەربازبکات. هاوکات داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانیش دەکات "لە ئاستی بەرپرسیارێتی بن لە بەرامبەر گەلەکەیاندا".

News Code 15755

Your Comment

You are replying to: .
captcha