کوردپرێس:
نامێق هەورامی شاعیر و نووسەر و توێژەری کورد لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی: "پاش ماندوو بوونی دوو ساڵ کارکردن ، مەم و زینی هەورامی کارەکانی تەواو بوو، لێکۆڵینەوەو ساغ­کردنەوەی دوو دەستنوسی مەم و زینە بە هەورامی یان گۆران."
ئەو توێژەر و شاعیرە کوردە دەڵێت: "مەم و زین بە هەورامی کارکردنە لەسەر دوو نوسخەی دەستنوسی دێرین، ئێمە پێمان وابو خانی خاوەنی مەم و زینە، ئیستە بەهەورامیش دەیبینن، لەم کتێبەدا زۆر تەوەرم ورووژاندوە، بەم نزیکانە دەگاتە خزمەتتان".
نامێق هەورامی سوپاسی کەیومەرسی نیکڕەفتار دەکات کە مەم و زینەکەی خۆی داوەتێ و کەڵکی لەو نوسخەیە وەرگرتووە. هەروەهاش سوپاسی ئەو هاوڕێیەی کردووە کە نوسخەی دەستنووسی دووەمی داوەتێ.
کتێبی مەم و زین بە هەورامی بە بڕیاری پەروێز نیازی بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەریی هەڵەبجە و لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتییەکە چاپ دەکرێت و ئارش عەباسی کاری دیزاینی بەرگەکەی کردووە.
نامێق هەورامی ئەوەشی زیاد کردووە: "شانزەهەمین کتێبم چاپ دەبێت و شانزە کتێبی ترم چاوەڕێی چاپن، سوپاس بۆ ئەوانەی بەتامەزرۆیییەوە چاوەڕێی کارەکانمن."
Your Comment